داخستنی ئەكاونتەكەی ترەمپ گورزێكی كوشندەی لە تویتەر دا

پاش ئەوەی بڕیاری داخستنی یەكجاری ئەكاونتەكەی ترەمپی دا، پشكەكانی تویتەر لە بازاڕی داراییدا بە ڕێژەی 2.4% دابەزین.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ شەممە 9ی كانونی دووەم، پاش چەند كاتژمێرێك لە ڕاگەیاندنی داخستنی ئەكاونەتەكەی ترەمپ، پشكەكانی تویتەر لە بازاڕە جیهانییەكاندا 2.4%ی بەهاكەی لە دەستدا.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئێستا هەر پشكێكی تویتەر بە 50 دۆلار و 20 سەنتەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت.

تویتەر بە یەکجاری لاپەڕەکەی ترەمپی داخست

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، کۆمپانیای تویتەر ڕایگەیاند، ئەكاونتی سەرەکیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ماوەبەسەرچووی ئەمریکای بۆ هەمیشە داخستووە.

بەشی پارێزگاریی کۆمپانیای تویتەر لە پۆستێکدا هەواڵی داخستنی ئەكاونتەكەی ترەمپی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، “بڕیارەکە لەسەر ئەوە دەرکراوە کە لەڕێگەی ئەو ئەكاونتەوە تۆمەت و پشێوی نراوەتەوە”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەكاونتەكەی دۆناڵد ترەمپ لە تویتەر زیاتر لە 88 ملیۆن فۆڵەوەری هەبوو، کە زۆرجار لەو لاپەڕەیەوە لەسەر پرسە گرنگەکانی جیهانیش بڕیاری دەدا.

ترەمپ: كەس ناتوانێت بێدەنگمان بكات

لەبارەی داخستنی بەشێكی پەیج و ئەكاونتەكانی، ترەمپ ڕایگەیاندووە، كەس ناتوانێت بێدەنگی بكات.

لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ شەممە 9ی كانونی دووەم، دۆناڵ ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرایكردووە، “زۆر بەخێرایی ئەكاونتی فەرمیی سەرۆكی ئەمریكا لە تویتەر @POTUS سڕدرایەوە، پێگەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ دیموكراتە ڕادیكاڵەكان دەیانەوێت من و لایەنگرانمان بێدەنگ بكەن”.

ترەمپ ئەوەشی خستوەتەڕوو، “چاوەڕاون بووم ئەوە ڕوبدات، ئێمە لەگەڵ كۆمەڵێك پێگەی دیكە لە گفتوگۆداین بەمزوانەش ڕاگەیەندراوێكی گەورەمان دەبێت، چاوەڕوانی ئەوەین كە پێگەیەكی تایبەت بە خۆمان لە داهاتوویەكی نزیدا بكەینەوە، كەس ناتوانێت بێدەنگمان بكات”.

لەو ڕاگەیەندراوەدا ترەمپ ئەوەشی خستوەتەڕوو، “”تویتەر شوێنێك نییە بۆ ڕای ئازاد، ئەوەی ئەوان گرنگی پێدەدەن ڕێكلامكردنە بۆ پێگە چەپخوازە ڕادیكاڵەكان”.

ئەوەش پاش ئەوە دێت، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لایەنگرانی ترەمپ لە بەردەم كۆنگرێس خۆپیشاندانیان سازكرد وەك پاڵپشتی بۆ ترەمپ، بەڵام بەهۆی گرژییەكانەوە پێنج كەس كوژران و 52 كەسیش دەستگیركراون.

بابەتی پێشتر

دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە بودجە دەستیپێكرد

بابەتی دواتر

ژن و منداڵی تیایە.. زیاتر لە 200 حاڵەتی خۆكوشتن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان تۆماركراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share