قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، پیدرۆ مارتینیس كاتێك لە ساڵی 1987 وەك دیپلۆماتێك لە باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە عێراق دەستبەكاردەبێت، ئاگاداری پرسی كورد و ئەو ستەم و نەهامەتییانە دەبێت كە رووبەڕووی كورد بووەتەوە، لەو كاتەوە تا ئێستا دۆست و هاوسۆزی گەلی كوردە.
راشیگەیاند، لەم ساڵانەی دواییشدا كە وەك باڵیۆزی وڵاتەكەی لە عێراق كاری دەكرد، بەردەوام هەوڵی نزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانی دەدا و زۆریش بە پەرۆشبوو بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و وڵاتی ئیسپانیا لە بوارە جیاوازەكاندا.
جێگری سەرۆك وەزیران وتیشی، “ئەمڕۆ بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەی لە عێراق و بۆ ماڵئاوایی سەردانی كردین، سوپاسی هەموو هەوڵەكان و هاوكارییەكانیم كرد لە ماوەی كاركردنیدا و هیوای سەركەوتنم بۆ خواست لە ئەركی داهاتوویدا”.