قائیمقامی قەزای دەربەندیخان دەستگیركردنی كەسێك كە وەك “سەرۆك گروپ” ناویهێنراوە رەتدەكاتەوە و دەنگۆكان لەبارەیەوە بە ناڕاست ناودەبات.
سلێمان سەعید، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، تائێستا هیچ سكاڵا یان گلەییەك لەبارەی (مەلا هەڵۆ)وە نەگەیشتووەتە ئیدارەی قەزاكەیان و هێزە ئەمنییەكانی سنوورەكە.
وتیشی، “ئەو دەنگۆیەش لەبارەی دەستگیركردنیەوە بڵاوكراوەتەوە هیچ بنەمایەكی نییە”.
پێشتر میدیایەك بڵاویكردەوە، لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە كەسێك بەناوی هەڵۆ، كە خۆی بە (باوا) ناساندووە و هەڵگری رێبازێکی تایبەتی ئاینی ئیسلامە و پلەی خزر و ئەولیای هەیە، دەستگیركراوە.
میدیاكە ئەو كەسەی بە هاوشێوەی بانگخوازی تورکی (عەدنان ئۆکتار) ناوبردووە و وەك سەرۆك گروپێكی تایبەت باسیكردووە.
قائیمقامی قەزای دەربەندیخان ئەو زانیارییانەی رەتكردەوە و بە نادروست و دروستكراو ناویبرد و وتی، “كەسێكی ئاساییە، تەنها لە سروت و جلوبەرگدا شێوازی خۆی هەیە”.
دووپاتیشیكردەوە، دەزگا ئەمنییەكانی سنوورەكە چاوكراوەن و رێگا بە هیچ جۆرە كارێكی نایاسایی و دژ بە بەهاكانی كۆمەڵگای كوردی نادەن و، هیچ دیاردەیەكی مەترسیدار یان نامۆ-ش لە دەربەندیخان و ناوچەكەدا نییە.