شارەزایەک: دواخستنی هەڵبژاردن قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە

شارەزایەکی بواری هەڵبژاردن رایدەگەیەنێت، ” دواخستنی هەڵبژاردن قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە”.

سەرباز سەید مەحمود، شارەزای بواری هەڵبژاردن بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پێشنیاری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تا ئێستا شتێکی رەسمی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بڵاونەکراوەتەوە، و وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت تا ئێستا رێکارەکانی کۆمسیۆن بەردەوامن و رانەگیراون.

بە بڕوای سەرباز سەید مەحمود،”دواخستنی هەڵبژاردن قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، و زیان بە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتان دەگەیەنێت، بەوپێیەی هەڵبژاردن و دیموکراسی هاوتەریبی یەکترن”.

دەشڵێت، دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمە مەرسوم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەربکات، بەڵام لە دەسەڵاتیدا نییە پرۆسەکە دوابخات، ئەگەر ئەوەش روو بدات، ئەوە لەدەرەوەی هەموو یاساکانە و پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە.

بەپێی مەرسومی سەرۆکی هەرێم، رۆژی 10 ی حوزەیران بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەسەرپەرشتیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاریکراوە، سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم جگە لە پارتی لیست و کاندیدیان پێشکەشی کۆمسیۆن کردووە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی  پارتی نایەوێت هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت؟، سەرباز سەید مەحمود دەڵێت، جیاوازیی تۆماری بایۆمەتریی حکومەتی عێراق و هەرێم نزیکەی 559 هەزار دەنگدەرە، لەگەڵ ئەوەشدا 400 هەزار ئاوارەی سوری و تورکی پێناسیان بۆ کراوە، بەڵام ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن، چونکە دەنگدان لە عێراق بە کارتی نیشتمانییە، پارتی لەوە دەترسێت بۆیە بەشداریی ناکات.

دەشڵێت، لەلایەکی دیکەوە پارتی لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی لایەنە عێراقییەکان رازی بکات بۆ گەڕاندنەوەی کورسیی پێکهاتەکان کە ئەوە بە هیچ شێوەیەک نابێت لەبەر ئەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵییەو تانەی لێنادرێت.

سەرباز سەید مەحمود  دەڵێت، پارتی لە رێگای نامەیەکەوە کە بۆ کۆمسیۆنی بەغدادی ناردووە داوادەکات لە ژووری ئۆپەراسیۆنی کۆمسیۆنی بەغداد ئەندامی هەبێت بۆ ئەوەی خۆی چاودێریی پرۆسەکە بکات و ئەنجامەکانیش بباتە هەولێر بۆ ئەوەی یارییان پێبکات، هاوکات پارتی داوایکردبوو ئەندامێکی هەبێت لە لیژنەی تەکنیکیی کۆمسیۆنی بەغداد، بەڵام کۆمسیۆن هەردوو داواکەی رەتکردەوە بۆیە بڕیاریدا بەشداریی هەڵبژاردن نەکات.

سەرباز سەید مەحمود ئەوەش دەڵێت، پارتی لە فراکسیۆنی سەدر گەورەتر و گرنگتر نییە لە عێراقدا کە گەورەترین فراکسیۆن بوو، بایکۆتی پەرلەمانی کرد و تەنانەت بوو بە ئۆپۆزسیۆنیش، بەڵام نەبووە هۆی راگرتنی کارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

بەپێی مەرسومی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بڕیارە رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024 ، پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی  پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، لایەنە سیاسییەکان کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 100کورسیی پەرلەمان دەکەن.

 

 

بابەتی پێشتر

دژەتیرۆر دەستگیرکردنی "تیرۆرستێک" رادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

بە تۆمەتی دزیکردن کەسێک لە سلێمانی دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە زاری وەزیرێك و میدیای پارتییەوە.. یەكەم دەرئەنجامی سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا ئاشكرادەكرێت

پەیامی شارەزایەكی تەندروستی دەربارەی ئامادەیی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ كەرتی تەندروستیی هەرێم، لەلایەن وەزیرێكی پارتی و میدیای فەرمییانەوە وەك…
Total
0
Share