دەستەی کەشناسیی عێراق رایگەیاند، بارانبارین بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و هۆشداریی لە روودانی بارانی بەخوڕ دەدات.
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسیی عێراق لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، ”کاریگەری ئەو پاڵەپەستۆیەی لە دەریای سوورەوە دێت تا ئێستاش بەردەوامە و کاریگەری لەسەر تەواوی وڵات کردووە و دەبێتە هۆی بارانبارینی مامناوەند و بەخوڕ و دابەزینی پلەکانی گەرما”.
ئەوەشی خستەڕوو، ”دۆخی بارانبارین بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستدایە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و کاریگەری لەسەر چەند ناوچەیەک دەبێت، هاوکات هۆشداری دەدەین لە ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و دروستبوونی خۆڵبارین لە چەند ناوچەیەکی دیکە”.
دەشڵێت، ”پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کەشوهەوا لە رۆژانی هەینی و شەممەی داهاتوو جێگیر دەبێت و ئەگەر گۆڕانکاریش رووبدات راپۆرتێکی نوێ لەو بارەیەوە بڵاودەکەینەوە”.