دەستەی کەشناسیی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بارانبارین دەستپێدەکات لە گشت ناوچەکانی عێراق و بۆ ماوەی چوار رۆژ و تا رۆژی شەممە کاریگەری شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسیی عێراق، باران بارین لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا بەشێوەی بارانی مامناوەد و لێزمەباران دەبێت، پلەی گەرمی دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت.
لە رۆژی هەینیدا کاریگەری شەپۆلەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاددەکات، پێشبینی دروستبوونی لافاو دەکرێت بەهۆی زۆری رێژەی بارانبارینەوە، ئاستی با چالاک دەبێت و کاریگەری شەپۆلەکە دەگاتە لوتکە.
هاوکات، بە گوێرەی پێشبینییەکان رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو، کاریگەری شەپۆلەکە کۆتایی دێت و ئاسمان ساماڵ دەبێت.
کەشناسیی هەرێمیش ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمان هەور و نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزوخۆڵ و زیادبوونى خیرایی با، لەکاتەکانی دوای نیوەرۆ شەپۆلێکى هەورە تریشقە و بارانبارینى پچڕپچڕ لەسەرجەم ناوچە جیاجیاکان دەبارێت، لەشەودا کاریگەرى باران بارین کۆتایی دێت و پلەکانی گەرمی بەگشتی نزمدەبێتەوە بە (2-4) پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی چوارشەممەوە ئەوە روونکراوەتەوە، ئاسمان هەور و نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ زیادبوونى خێرایی با، ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆزوخۆل لەسەر بەشێک لەناوچەکانى (باشوورى پارێزگاى هەولێر و بەشێک لەئیدارەى گەرمیان و پاریزگاى کرکوک) لەدواى نیوەرۆ لەئەنجامى ئەو ناسەقامگیریەى هەیە لەکەشی ناوچەکەمان باران بارین لە دواى نیوەرۆ دەست پێ دەکاتەوە لەگەڵ شەپۆلێکى هەورە تریشقە، ئاستى دابارین لەسەر بەشێک لە پارێزگاکانى سلێمانى و ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت.