لەسەر ساختەکاری لە کوالێتیی برنج کەسێک دەستگیرکرا

قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، کەسێک لەسەر فرۆشتنی برنجی بەشەخۆراک و تێکەڵکراو لە چەند جۆرێک کە برنجی ماوە بەسەرچووشی  تێدابووە و بە جۆری باش بە هاوڵاتییانی فرۆشتووە، دەستگیرکرا.

گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەو کەسە کە خاوەنی کۆگای خۆراکە لە بازاڕی سلێمانی، هەڵساوە بە هەڵخەڵەتاندنی هاوڵاتییان و فرۆشتنی جۆری خراپی برنج پێیان بە ناوی جۆری باشەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە برنجی ماوە بەسەرچوو و برنجی جۆری دیکە و برنجی بەشەخۆراکیشی تێکەڵکردووە و پاشان لە کیسەی جۆری باشدا برنجەکەی تێکردووەتەوە و دوریویەتییەوە.

بە گوێرەی خەمڵاندنی سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بڕی برنجەکە زیاتر لە 50 تۆن دەبێت و لەگەڵ تەواوی ئەو ئامێر و پێداویستیانەی لە ساختەكارییەكدا بەكارهێنراوە دەستی بەسەرداگیراوە و خاوەنەکەشی دەستبەسەرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

گۆران قادر روونیكردەوە، بەپێی یاسای وەزارەتی بازرگانی، دەستكاریكردنی لەیبڵ و زانیاریی سەر كاڵاوشمەكەكان فێڵی بازرگانییە و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە، بۆیە بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی دوكانەكە دادەخرێت، تەواوی برنجەكە لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

 

 

بابەتی پێشتر

بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداریی لە خراپ بەکارهێنانی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەدات

بابەتی دواتر

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم چەند هەلێکی دامەزراندنی راگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share