حكومەتی هەرێم لەبارەی بە بانكیكردنی مووچەوە دوا هەڵوێستی راگەیاند

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم هیچ كات دژی بە بانكیكردنی (تەوتین)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەبووە و نابێت و هاوكات وەزارەتی دارایی و وەفدی دانوستانكار راسپێردران ئەوەی لە یاسا بەركارە فیدڕاڵییەكان دەستنیشانكراون وەك بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەستهاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی عێراق.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری راپۆرتێكی لە بارەی هەنگاوەكانی وەزارەتەكەی خستەڕوو بۆ مووچەی مانگی نیسان كە چەند رۆژێك لەمەوبەر، بە رەسمی لیستی وردبینیكراو و پەسەندكراوی مووچەخۆرانی هەرێم بە زانیاری پێویستەوە بۆ مانگی نیسان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق كراوە كە چاوەڕواندەكرێت هاوشێوەی مانگی رابردوو لەگەڵ مووچەی ناوچەكانی دیكەی عێراق بنێردرێت.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی لە چوارچێوەی راپۆرتێكدا كە بە هاوبەشی لەگەڵ وەفدی دانوستانكار ئامادەكرابوو، چەند میكانیزمێكی خستەڕوو بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكانی حكومەتی هەرێم لە بواری داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم و چۆنییەتی هاوبەشیپێكردنی لەگەڵ بەغداد بە گوێرەی دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ، ئەمەش وەك دەستپێشخەریی حكومەتی هەرێم بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم بابەتە بەجۆرێك كە بابەتی داهاتەكان، نەبێتە رێگر لەبەرامبەر خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، جەختیكردەوە كە نابێت هیچ بیانوو و پاساوێك بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بهێڵرێتەوە تا بكرێتە بیانوو بۆ خەرجنەكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم، هەر بە ئەم ئاراستەیەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و وەفدی دانوستانكاری راسپارد، ئەوەی لە یاسا بەركارە فیدڕاڵییەكان دەستنیشانكراون وەك بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتی نانەوتی بەدەستهاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.

سەبارەت بە بابەتی بەبانكیكردنی مووچەخۆرانی هەرێمیش، ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردەوە كە ئەم بابەتە بە گرنگ دەزانێت و حكومەتی هەرێم هیچ كات دژی بە بانكیكردن(تەوتین)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەبووە و نابێت، لە مێژە وەك لە كارنامەی كابینەكە هاتووە بە كردارەكیی پرۆسەی بەبانكیكردن( تەوتین) لە ڕێگای ( هەژماری من)ەوە لە هەرێم دەستپێكراوە وەك هەنگاوێكی گرنگ بۆ پتەوكردنی ژێرخانی ئابوری و برەودان بە چالاكی بانكی و شەفافییەت لە چالاكییە داراییەكان و سوودمەندبوونی هاوڵاتییان لە هەموو ئەو ئیمتیازات و ئاسانكارییانەی بانكەكان بۆ هاوڵاتییان دەستەبەری دەكەن بەو جۆرەی لە دونیای پێشكەوتوو پەیڕەودەكرێت.

ئەنجومەنی وەزیران دەشڵێت،” گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ زیاتر لەسەر میكانیزمی بەبانكیكردنە نەك خودی پرۆسەكە و ئەم بابەتە شایەنی چارەسەرە لە ڕێگای دۆزینەوەی لێكتێگەیشتنی هاوبەش بە جۆرێك لە بەرژەوەندیی مووچەخۆر بێت و بە ئاسانی پرۆسەكە تەواوبكرێت لە رێگای ئەو بانكە باوەڕپێكراوانەی لە ژێر سەرپەرشتی و مۆڵەتی بانكی ناوەندیی، سەرقاڵی پرۆسەی تەوتینن لە چوارچێوەی پڕۆژەی تەوتینی هەرێم بە ناوی (هەژماری من) كە گشت مەرج و پێداویستییەكانی بانكی ناوەندیان جێبەجێكردووە و حكومەتی هەرێم تەنها رۆڵی ئاسانكاریی دەگێڕێت، ئەگەرنا پڕۆژەكە بانكە ڕێپێدراوەكان ئەنجامیدەدەن كە هەندێكیان لە پرۆسەی تەوتینی ناوچەكانی دیكەی عێراقیش بەشدارن.

سەبارەت بە بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتیش، حكومەتی هەرێم خوازیاری هەرچی زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە وەك لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی لەسەری رێکكەوتبووین كە لە لایەن كۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشرێت و داهاتەكەشی بچێتەوە ناو گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ لە دوای یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتانەی كە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئەمەش پێویستە لە چوارچێوەی دوا كۆنووسی هاوبەشی هەردوولادا بێت كە لە مانگی یەكی ئەمساڵ واژووكراوە بەڕەچاوكردنی بنەما دەستوورییەكان.

بابەتی پێشتر

بەهای دۆلار زیاتر دابەزی

بابەتی دواتر

حكومەتی هەرێم زانیاریی نوێی لەبارەی مووچەی مانگی نیسان ئاشكراكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share