کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرد.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، “ئەنجومەنی کۆمسیاران رەزامەندی لەسەر ژمارەی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربڕی، بەجۆرێک ژمارەی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی جیاوازییان دەبێت و لەدەنگدانی گشتیدا زیاتر لە هەزار ناوەندی دەنگدان دەکرێنەوە”.
دەشڵێت، بۆ دەنگدانی گشتی هەزار و 266 ناوەندی دەنگدان دەکرێنەوە، كە 6 هەزار و 298 بنكەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، هاوکات بۆ دەنگدانی تایبەتیش 161 ناوەندی دەنگدان دەکرێنەوە کە 746 بنكەی دەنگدان لەخۆدەگرێت و سەرجەمیان لەژێر چاودێریی كامێرادان.
باس لەوەش دەکات، زیاتر لە 800 هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری دەنگدانی عێراق تۆمارنەکردووە و مافی دەنگدانیان نییە.
لەبارەی ئاماری دەنگدەرانی هەرێمەوە وتەبێژی کۆمسیۆن دەڵێت، بەکۆی گشتی لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 دەنگدەر هەن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە دوو ملیۆن و 900 هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری تۆمارکردووە و ئامادەن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن.
بڕیارە رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024 ، پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، لایەنە سیاسییەکان کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 100کورسیی پەرلەمان دەکەن.