مەڵبەندی 3ی هەولێر: سووکایەتیکردن بە مووچەخۆران هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە

مەڵبەندی سێی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “سووکایەتیکردن بە مووچەخۆران هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای دوو مانگ زیاتر، هێشتا مووچەخۆران مووچەیان وەرنەگرتووە، بێگومان فشارێکی زۆری نەبوونی و تێکچوونی بەرنامەی بژێوی ژیان لەلایەك و لە رووی دەروونیشەوە فشارێکی زۆری لەسەر کۆی خێزانەکان و تەنانەت جوڵەی بازاڕیش دروستکردووە، ناکرێت لایەنی پەیوەندیدار ئەوەندە خەم ساردبێت.

باس لەوەشدەکات، وەبیریان دێنینەوە کە ئێستا کاتی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانە، هەموو خێزانەکان بەتایبەت مووچەخۆران، ژمارەیەك قوتابی و خوێندکاریان هەیە (بەتاڵبوونی ئامێرەکانی راکێشانی پارە)ش هەر وەکو ئەوەیە کەمووچە دواکەوتووە، یاخود دیسان پاشەوکەتی دەکەنەوە.

لە راگەیەندراوەکەی مەڵبەندی سێی هەولێردا هاتووە، لەدوێنی شەو و لەبەرەبەیانی ئەمڕۆش تا ئەم ساتەش، مووچەخۆران ریزیان بەستووە بۆ ئەوەی مووچەی مانگی حەوت رابکێشن، بەڵام ئامێرەکانی (هەژماری من) پێیان دەڵێت ببوورن پارەمان نییە !

دەشڵێت، “ئایا وەزارەتی دارایی و حکومەت، ئەم عەزاب و سزا دەروونیە چییە بەسەر موچەخۆراندا سەپاندووتانە؟؟؟

مەبەستتان چیە لەم هەموو سوکایەتی و ئازارە دەروونی و تووندوتیژیە داراییەی لەبەرامبەر موچەخۆران پەیڕەوی دەیکەن؟؟؟

ئەگەر پێتان وایە، لەم رێگەیەوە دەتوانن خەڵك سووك و ریسوا بکەن و کەسایەتی و نەفسیەتیان بشکێنن، دەبێت باش بزانن، خەڵکیش لە رۆژی 10/20 وەڵامی ئەم هەموو سوکایەتی و سزایەتان دەداتەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

فڕۆكەی توركی ئۆتۆمبێلێكی بۆردومانكرد كە هەوڵیدەدا هێرشبكاتەسەر سەربازگەی زیلكان

لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێكەوە هەوڵدرا هێرشبكرێتەسەر سەربازگەی زیلكانی توركی لە باشیك، بەڵام فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركی ئۆتۆمبێلەكەیان بۆردومانكرد. كەمێك لەمەوبەر…
Total
0
Share