بەرپرسێكی بواری گواستنەوە رایدەگەیەنێت، ئەگەر سەرجەم سێکتەرەکان پارەداربکرێن، دەتوانن هێڵی میترۆ و شەمەندەفەریش دابنێن.
لەگەڵ ئەوەی شەقامەکان قەرەباڵغییەکی زۆریان لەسەرە، لە ئەگەری زیادبوونی دەوامی فەرمانگەكان و زیادبوونی جموجوڵە ئابوریی و بازرگانییەكاندا چاوەڕوان دەكرێت لۆدی سەر شەقامەكان زیاتر بن.
سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، زۆربوونی ئۆتۆمبێل و بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت لەبری بەکارهێنانی هێڵی گواستنەوەی گشتی لەلایەن هاوڵاتییانەوە وایکردووە شەقامەکان زیاتر قەرەباڵغ بکرێن.
وتیشی، پێویستە بەڕێوەبەرایەتییەکان پاس بۆ کارمەندەکانیان دابینبکەن و، بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ ئەو پێشنیارە بدەنە فەرمانگەكان.
دەربارەی پرۆژەی گواستنەوەی گشتیش، سدیق محەمەد رایگەیاند، “ئەگەر حکومەتی عێراق پارەی بەردەوام بۆ هەرێم بنێرێت و سەرجەم سێکتەرەکان پارەداربکرێن، دەتوانین لە سلێمانی هێڵی میترۆ و شەمەندەفەریش دابنێین و پاسی گەورە بهێنین، بەڵام کە پارەی تەنانەت مووچەش نەبێت، ناتوانین هیچ کام لەوانە بکەین، کە پارە نەبێت، پرۆژەکان تەنها نووسراوی سەر کاغەزن”.
بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێوان قەزا و ناحیەکاندا پاس و تاکسی 24 کاتژمێر هەن، لەناو شاری سلێمانییش هەزار و 600 پاسمان هەیە هاتوچۆ بە هاوڵاتییان دەکەن.