داوای هەڵوەشاندنەوەی چەند وەزارەت و دامەزراوەیەك دەكرێت

پەرلەمانتارێك دەڵێت، “وەزارەتەكانی بازرگانی و پیشەسازی و ئەوقاف و هەردوو وەقفی سونی و شیعی پارەیەكی زۆر بەهەدەر دەدەن و هیچ سوودێكیان بۆ هاوڵاتییان نییە.”

نەدا شاكر جەودەت، ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا” ڕایگەیاند، “ئەو سێ وەزارەتە زیادە و ناپێویستن، چونكە سوودیان بۆ هاوڵاتییان نییە و لێیانەوە دوورن.”

وتیشی، “لە چەندین كات و بۆنەدا داوام لە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران كردووە، وەزارەتەكانی بازرگانی و پیشەسازی و ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەڵبوەشێنێتەوە، لەبەر ئەوەی لەم هەلومەرج و بارودۆخەی ئێستادا هیچ سوود و كەڵكێكیان نییە.”

نەدا شاكر جەودەت كە ئەندامی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نوری مالكی-یە، باس لەوە دەكات كە “ئەو وەزارەتانە و هەردوو وەقفی سونی و شیعی و چەندین دمەزراوەی تر، بارێكی قورسن بەسەر بودجەی عێراقەوە، لەكاتێكدا بێبەرهەمن و دەستكەوتیان بۆ حكومەت و خەڵك نییە و هیچ كارێكی ئەوتۆیان نەكردووە كە ژیانی هاوڵاتییان بگۆڕێت.”

لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ “ئێستا” نەدا شاكر جەودەت، ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنانی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “بێكاری بە ڕێژەیەكی بەرز بەربڵاوە، خەڵكی هەژار و نەدارن و پێویستییان بە بژێوی و نانە، كەچی چەندین وەزارەت و دامەزراوە و دەستە لە وڵاتدا هەن كە جگە لە خەرجییەكی زۆر و بەهەدەردانی پارەی دەوڵەت، بوون بە ئیمپراتۆرییەت بۆ خۆیان و سوپایەك موچەخۆریان هەن، بەبێ ئەوەی سوود بە هاوڵاتییان بگەیەنن.”

بابەتی پێشتر

چیرۆکی ئەو پیاوە کوردەی بەهۆی خراپ لێخوڕینەوە ناچارکرا 250 کاتژمێر لە وانەی قورئاندا بێت

بابەتی دواتر

وتەبێژی حکومەت: ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی قاچاخچێتییەوە بڕیاریداوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەڕێوەبەری بانکێک دەستگیرکرا

دەستەی دەستپاکیی عێراق فەرمانی دەستگیکردنی بۆ بەڕێوەبەری بانکێک دەرکرد کە زیانی پێنج ملیار دیناری بە بانکەکەی گەیاندووە. بەپێی…
Total
0
Share