رۆژانە دوو ملیار کوپ قاوە لە سەرانسەری جیهاندا دەخورێتەوە؛ سوود و زیانەکانی چین؟

راپۆرتێکی ساڵی 2023ی کۆمەڵەی نیشتیمانی ئەمریکی بۆ قاوە دەڵێت، 63%ی ئەمریکییەکان هەموو رۆژێک قاوە دەخۆنەوە، ئەوەش زۆرترە لە خواردن و خواردنەوەی هەر شتێک جگە لە ئاو و کۆمەڵەی بەڕیتانی بۆ قاوە دەڵێت هەموو رۆژێک لەناو بەریتانیا 98 ملیۆن کوپ قاوە دەخورێتەوە.

بە گوێرەی قسەی کۆمەڵەی بەڕیتانی بۆ قاوە، ئێستا دووەم خواردنەوە لەسەر ئاستی گشتیی لەدوای ئاو، قاوەیە نەوەک چا و رۆژانە دوو ملیار کوپ قاوە لە سەرانسەری جیهاندا دەخورێتەوە و تەنها لەناو بەڕیتانیا قاوە هەلی کاری بۆ 210 هەزار کەس رەخساندووە.

سەرەڕای ئەم فراوانییەی ئامارەکانی بەڕیتانیا و ئەمریکا، هەندێک کەس هەن کە هەست بە نائارامی دەکەن لەبارەی خواردنەوەی قاوەوە.

دکتۆر ساندەر کیرستن مامۆستای خۆراکی گەردیلەیی لە زانکۆی کۆرنێل روونی کردووەتەوە پێکهاتەی سەرەکی چالاک لە قاوەدا کافایینە و هەر کەسێک بەیانیان کوپێک قاوەی خواردبێتەوە، پسپۆڕەکە دەڵێت، “کافاین وەک هاندەرێک وا لە مرۆڤ دەکات هەست بە وریایی زیاتر بکات.”

بە وتەی ساندەر کیرستن، ئەم کاریگەریانە بەزۆری لە ماوەی نیو کاتژمێردا دەست پێدەکات و تا دوو کاتژمێر بەردەوام دەبێت و هەر ئەمەشە وایکردووە خەڵک بە درێژایی رۆژ لە خواردنەوەی قاوە بەردەوام بن.

دکتۆر ئێدوارد جیۆڤانوچی لە زانکۆی هارڤارد دەڵێت، “زۆر خواردنەوەی قاوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، سەرەڕای ئەوەش، رەنگە هەندێک کەس زیاتر هەستیار بن بەرامبەر بە کاریگەرییەکانی کافاین لە هەندێکی تر و کاریگەری هاندەری قاوە دەتوانێت ببێتە هۆی دڵەڕاوکێ لە کەسانی هەستیاردا و کاریگەری لەسەر خەوتنیان هەبێت.

پسپۆڕەکە دەڵێت، “هەندێک کەس، لەوانەش ژنانی دووگیان و ئەو کەسانەی کە حاڵەتی توندی پووکانەوەی ئێسکیان هەیە، پێویستە خواردنەوەی قاوە سنووردار بکەن.”

جیۆڤانوچی لەلایەکی دیکەوە ئەوەش رووندەکاتەوە، هەندێک لە پێکهاتەکان تایبەتمەندی بەهێزی دژە هەوکردن و دژە ئۆکسێنەریان هەیە و پێکهاتەکانی تر بەرگریی ئەنسۆلین کەمدەکەنەوە کە هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە.

لەبارەی بوونی سنوورێک بۆ بڕی قاوە کە مرۆڤ دەتوانێت لە رۆژێکدا بیخواتەوە کلینیکی مایۆ دەڵێت، تا 400 میلیگرام لە رۆژێکدا ئاساییە، لە کاتێکدا یەک کوپ قاوە نزیکەی 95 میلیگرام کافاینی تێدایە، کەواتە ئەوە یەکسانە بە نزیکەی چوار کوپ قاوە بەڵام لەو بڕە زیاتر، رەنگەی زیانی هەبێت و ببێتە هۆی چەندین کاریگەری و کێشەی جەستەیی.

 

بابەتی پێشتر

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان: شەو مانەوە لە گۆمی فێڵاو لە جەژندا قەدەغەدەکرێت

بابەتی دواتر

لیژنەی پێشوازیی بازگەی تاسڵوجە: ژمارەیەكی زۆری گەشتیار روویان لە سلێمانی كردووە و لە زیادبووندایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share