بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان: شەو مانەوە لە گۆمی فێڵاو لە جەژندا قەدەغەدەکرێت

بۆ رۆژانی جەژن، شەومانەوە لە گۆمی فێڵاو قەدەغەدەکرێت و چاودێریش بۆ رێنمایی گەشتیاران دادەنرێت.

هەڵگورد محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لەپێناو پاراستنی سروشت و رەخساندنی کەشێکی ئارام کۆمەڵێک رێنماییمان داناوە، هاوکات دوو کەس وەک چاودێریکردنی گۆمی فێڵا و و رێنیشاندەری گەشتیاران دانراون، گەستیاران دەتوانن لەدەوری گۆمی فێڵاو بمێننەوە.

لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیی گەشتیاران لە جەژنی رەمەزاندا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان رایگەیاند، لە تەواوی شوێنە گەشتیارییەکانی چۆمان ئامادەکاریی باش بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کراوە، بەشێکی زۆری گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە خێزانی لە هۆتێل و مۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکانی چۆمان جێگەیان گرتووە و دەمێننەوە.

هەڵگورد محەمەد، ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵانی رابردوو بەشێکی گەشتیاران دارەکانیان دەبڕییەوە و پاشماوەیان بەجێدەهێشت و زیانیان بە سروشتەکە دەگەیاند، بۆیە ئەمساڵ کۆمەڵێک رێنماییمان داناوە و کۆمەڵێک خزمەتگوزارییشمان بۆ شوێنەکە زیادکردووە.

رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمان:

1- (کەمپینگ)شەومانەوە لە نزیک گۆمی فێڵاو رێگە پێدراونییە(قەدەغەیە) چاودێرانمان هاوکارتان دەبن لەنیشاندانی شوێنی کەمپینگ.

2-جێنەهێشتنی پاشماوەکان، گواستنەوەی بۆ شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل کارمەندانی کۆمپانیای کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک دەیگوازنەوە بۆ شوێنی تایبەت.

3- ئاگرکردنەوە لەسەرگژوگیای شوێنەکە رێگەپێدراونییە (قەدەغەیە) ئەو ئاگردانانەی دامانناون بەکاربێنن یان (پکنیکی) غاز لەگەڵ خۆتان بهێنن.

4-بڕینەوەی دارو گژوگیای شوێنەکە (قەدەغەیە).

5-بردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل بۆسەر گۆمی فێڵاو رێگەپێدراونییە (قەدەغەیە).

6-هێنانی ئەسپ لەلایەن ئەسپسواران بەم رێژە زۆرەی وەک ساڵانی رابردوو ڕێگەپێدراو نییە (قەدەغەیە)، چونکە بووەتە مایەی شێواندنی سروشت و بێزارکردن و مەترسی بۆگەشتیاران.

7-کۆمپانیاو نوسینگە گەشتیارییەکان گروپە شاخەوانییەکان پەیوەندی بە گەشتوگوزاری چۆمانەوە بکەن کاتێک بەرنامەی گەشتتان دەبێت بۆگۆمی فێڵاو بۆ رێبەرییکردن و پێدانی رێنمایی.

گۆمی فێڵاو سەر بە قەزای چۆمانە و نۆ کیلۆمەتر لە باشووری قەزاکەوە دوورە، دەکەوێتە بەرامبەر چیای حەساری سەکران، کە یەکێکە لەو چیایانەی لە چوار وەرزی ساڵ بەفری تێدا دەمێنێتەوە.

 

 

بابەتی پێشتر

گەشتوگوزاری دوكان: ئامادەكاری بۆ پێشوازی لە گەشتیاران كراوە

بابەتی دواتر

رۆژانە دوو ملیار کوپ قاوە لە سەرانسەری جیهاندا دەخورێتەوە؛ سوود و زیانەکانی چین؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share