وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا پارەی سێ مانگی مامۆستایانی وانەبێژ خەرجبكات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی كانونی دووەم، ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرایكرد كە “لە کۆبوونەوەی 1ی 12ی 2020ی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا، لەگەڵ وەزیری دارایی ڕاسپێردراون کە لە پشووەکانی ناوەندەکانی خوێندن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆنووسێک سەبارەت بە شایستە داراییەکانی وانەبێژانی دانەمەزراو بۆ ئەنجومەنی وەزیران بنێرن.”
ڕاشیگەیاندووە كە دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیاری هەردوو وەزارەتەكەی پەسەندکردووە و بڕیاردراوە بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12ی ساڵی 2020 بڕەپارەیەکی بڕاوەی مانگانە وەک شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو خەرج بکرێت، بە جۆرێك كە هەڵگرانی بڕوانامەی بکالۆریۆس و سەرووتر بڕی 300000 سێ سەد هەزار دیناریان پێبدرێت و هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم 250000 دووسەد و پەنجا هەزار دیناریان بۆ خەرجبكرێت.