سەگی بەرەڵا لە سلێمانی.. لەنێوان خەساندن و دروستكردنی كولانە بۆیان

لە كۆتاییەكانی ساڵی 2020دا لە سنووری سلێمانی پرۆژەیەك ڕاگەیەندرا بە ناوی “لانە بۆ ئاژەڵی بێلانە”، كە ئامانجی بوو لانە بۆ سەگە بەرەڵاكانی شارەكە دروست بكات، بەڵام شارەوانی دەڵێت، مۆڵەت لەوان وەرنەگیراوە.

شارەوانیی سلێمانی زەوی بۆ ڕێكخراوێك دابین كردووە بۆ ئەوەی بیكات بە شوێنی سەگی بەرەڵا، بەڵام ڕێكخراوەكە شوێنەكەی نەكردووەتەوە، لەكاتێكدا بوونی شێڵتەر بە چارەسەر بۆ ئەو كێشەیە دادەنرێت.

“شوێن دابینكراوە بۆ خەساندنی سەگ”

نزار كەمال، لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانیی سلێمانی تایبەت بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “نایشارمەوە لە كۆندا ڤێتەرنەری سلێمانی لەڕێی لیژنەی تایبەتەوە حەبی لەو شوێنانە دادەنا كە ڕێژەیەكی زۆری سەگی بەرەڵایان لێدەبوو، پاش مرداربوونەوەی سەگەكان شارەوانی فڕێی دەدان، بەڵام ئێستا ئێمەش لەگەڵ ئەو پرۆسەیەدا نین”.

ئەو بەرپرسەی شارەوانی ئەوەشی خستەڕوو، “سەبارەت بە كێشەی زیادبوونی سەگی بەرەڵا دوو ڕێكخراو هاتنە پێشەوە بۆ چارەسەری كێشەكە، ڕێكخراوێكیان ناوی پاركۆیە ئێمە وەك شارەوانیی سلێمانی شوێنمان لە ناوچەی پیشەسازی پێداون ئێستا لە كاردان بۆ نەزۆككردنی بەشێك لەو سەگانە”.

نەشتەرگەریی خەساندنی سەگ

سەبارەت بە پرۆسەی نەزۆككردنی سەگ لە سلێمانی، نزار كەمال ئاشكرایكرد، “لەو شوێنانەی سەگی زۆریان لێیە سەگە نێرەكان دەبەن و نەزۆكی دەكەن و پاش چارەسەركردنی چونكە بە نەشتەرگەری دەكرێت، دەیانگەڕێننەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان”.

لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانیی سلێمانی، ئەوە بە چارەسەرێكی گەورەی كێشەی سەگی بەرەڵا نازانێت چونكە لە باخچە و پارك و كۆڵانەكاندا ڕێژەی سەگەكان زۆرن.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ڕێكخراوی دووەم ڕێكخراوی یارسان بوو، پێش ماوەیەك بە هەمانشێوە لە ناوچەی پیشەسازی شوێنمان پێدان و سەگەكانیان كۆدەكردەوە و خزمەتیان دەكردن، بەڵام دواتر خاوەن كارگەكانی ئەو ناوچەیە سكاڵایان كرد لەوەی كارگەی خواردن و خواردنەوەیان هەیە و نابێت ئەو سەگانە لەوێ بن بۆیە شارەوانی شوێنەكەی لێوەرگرتنەوە و شوێنێكی دیكەی لە نزیك عەربەت پێداون، بەڵام بەداخەوە ئەو شوێنەیان نەكردووەتەوە و بەدەمیەوە نەچوون”.

75 كولانەمان بۆ سەگە بەرەڵاكان دروستكردووە

توانا ئەمین، نوسەر و چالاكوانی بواری مافی ئاژەڵان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “دەستمان بە دروستكردنی كولانە كرد بۆ ئاژەڵەكان، ئەوەش چارەسەری كێشەی سەگ ناكات، بەڵكو تەنها بۆ ئەوەیە لەو سەرما و بارانەدا شوێنێكیان هەبێت”.

ئەو نوسەرە ئاماژەی بەوەشكرد، “من نوسەرێكم لە ئەوروپاوە هاتومەتەوە، ڕێكخراوم نییە و بە 23 كتێب و 18 خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە دانیشتووم كولانە بۆ سەگ دروست دەكەم، بەڵام ڕێكخراو هەیە پێنج دۆنم زەوی وەرگرتووە و پشیلەیەكیشی ڕزگار نەكردووە”.

 

توانا ئەمین لەگەڵ كۆمەڵێك چالاكوانی دیكەدا، لە 29ی كانونی یەكەمی 2020، پرۆژەیەكیان بە دروشمی “لانە بۆ ئاژەڵی بێلانە” ڕاگەیاند، كە كاریان دروستكردنی كولانەیە بۆ ئاژەڵە بێلانەكان بە تایبەت بۆ سەگە بەرەڵاكان، شارەوانیی سلێمانیش دەڵێت، ئەوان مۆڵەتیان پێنەداون.

نزار كەمال لەوبارەیەوە وتی، “بۆ دروستكردنی ئەو كولانانە، پرسیان بە شارەوانی نەكردووە، تەنها بینیومانە كە شتێكی وا دەكەن”.

توانا ئەمین، سەرپەرشتیاری پرۆژەكە ئاماژەی بەوەكرد، “تا ئێستا 75 كولانەمان لە سنووری سلێمانی داناوە و هەر كولانەیەكیش 50 هەزار دیناری تێچووە بۆ ئەوەی شێوەیەكی مەدەنی هەبێت، مۆڵەتیشمان لە قائیمقامیەت وەرگرتووە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، پاش دانانی ئەو ژمارەیە لە كولانە كۆتاییان بە پرۆژەكەیان هێناوە.

چارەسەر چییە؟

لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، “چارەسەر ئەوەیە ئەو زەوییەی دراوە بە ڕێكخراوی یارسان بە دەمییەوە بچن و بكرێتەوە بە شوێنی سەگە بەرەڵاكان”.

بەڵام نەیشاردەوە، ئەو كارە تەنها بە ڕێكخراوەكان و تەنها بە شارەوانیش ناكرێت، “ئەو كارە بودجەی دەوێت و هەوڵی هەمووانی دەوێت بە شارەوانی و قائیمقامیەت و ڕێكخراوەكانیشەوە”.

توانا ئەمین، كە وەك چالاكوانی بواری مافی ئاژەڵان كار دەكات لەبارەی چارەسەری كێشەی سەگی بەرەڵاوە وتی، “تاكە چارەسەر دروستكردنی شێڵتەرە بۆ ئاژەڵە بەرەڵاكان بە سەگیشەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەوە لە هەولێر خەریكە ژمارەی شێڵتەرەكان بۆ سەگ و ئاژەڵی بەرەڵا دەبنە دوو دانە، بەڵام لە سلێمانی یەك دانەشی تێدا نییە”.

بابەتی پێشتر

كاروانێكی هاوكاریی هاوپەیمانان گەیشتە وەزارەتی پێشمەرگە

بابەتی دواتر

پارەی سێ مانگی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بڕە پارەیەك بە مامۆستایان دەدرێت

بەڕێوەبەری ژمێریاری لە بەرێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕۆژهەڵات ڕایدەگەیەنێت، دەستكراوە بە خەرجكردنی پارەی وانەبێژی مانگی چوار بۆ مامۆستایانی وانەبێژ و…
Total
0
Share