دۆناڵد ترەمپ ڕایدەگەیەنێت، گواستنەوەی دەسەڵات بەشێوەی ڕێكخراو و ئاسایی دەبێت، ئەمەش پاش ئەوەی كۆنگرێس بردنەوەی جۆ بایدن-ی وەك سەرۆكی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕاستاند.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئێستای ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی كانونی دووەم لە بەیاننامەیەكدا كە لەلایەن دان سكاڤینۆ، وتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی لە تویتەر بڵاویكراوە وتی، “سەرەڕای ئەوەی بە تەواوی ناڕەزایی بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نیشاندەدەم، بەڵام گواستنەوەیەكی ڕێكخراو دەبێت لە 20ی كانونی دووەم”.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆنگرێس، بە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانەوە، لە دانیشتنێكی هاوبەشدا كە چەند كاتژمێرێكی درێژی خایاند ڕاستاندنی بۆ سەركەوتنی سەرۆكی هەڵبژێردراو كرد.
هەموو ئەوانە پاش ڕۆژێكی دژوار لە واشنتن-ی پایتەخت بوو دوای ئەوەی سەدان كەس لە لایەنگرانی ترەمپ هەڵیانكوتایەسەر بینای كاپیتۆڵ و بەهۆیەوە دانیشتنی ڕاستاندنەكە پەكیكەوت و، لە ئاكامیشدا چوار كەس كوژران كە لەنێوانیاندا ئافرەتێك هەیە.