دادگایەكی عێراقی فەرمانی دەستگیركردنی ترەمپی دەركرد

دۆناڵد ترەمپ

ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕایدەگەیەنێت، یاداشتی دەستگیركردن لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی ڕەسافەوە دەرهەق بە دۆناڵد ترەمپ دەرچووە، لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوەكان دەربارەی كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی كانونی دووەم لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، پاش ئەوەی دادوەری تایبەت لە دادگای لێكۆڵینەوەی ڕەسافە، كە سەرۆكایەتی لێكۆڵینەوە لە تاوانی كوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆكی دەستی حەشدی شەعبی و یاوەرانی دەكات، وتەی داواكاری مافی كەسیی ئەندامانی خێزانەكەیان وەرگرت و ڕێوشوێنە سەرەتاییەكانی لێكۆڵینەوە تەواوكران، بڕیاریدا بە دەركردنی یاداشتی دەستگیركردن دەرهەق بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئێستای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

ئاشكراشیكرد، بڕیارەكە بەپێی ئەحكامی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە و، ڕێوشوێنەكانی لێكۆڵینەوەش بەردەوام دەبێت بۆ زانینی بەشداربووانی دیكەی ئەو تاوانە لە عێراقییەكان بێت یاخود كەسانی بیانی.

لای خۆیەوە تارق حەرب، شارەزای یاسایی لە لێدوانێكدا دەڵێت، یاداشتی دەستگیركردنەكە دەرهەق بە ترەمپ یەكانگیرە لەگەڵ یاسا و ڕێگایەكە بۆ ناچاركردنی تۆمەتبار بۆ ئامادەبوون لە بەردەم دادگادا، دەرچوونیشی بەهۆی ئامادەنەبوونی تۆمەتبارەوەیە لە بەردەم دادگا.

وتیشی، “سەرەڕای ئەوەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان و هەر سەرۆكێكی جیهان پارێزبەندی هەیە بەپێی ڕێككەوتنی جنێف، بەڵام ڕێوشوێنەكەی دادگای عێراقی دەبوو بگیرێتەبەر”.

لە 3ی كانونی دووەمی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكاوە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغداد كرانە ئامانج و لەگەڵ ژمارەیەك لە یاوەرانیان كوژران.

بابەتی پێشتر

لیڤەرپوڵ و نایک بوونەتە گەورەترین مەترسی بۆسەر ڕیاڵ مەدرید

بابەتی دواتر

یەكەم لێدوانی ترەمپ پاش ڕاگەیاندنی بایدن بە سەرۆكی ئەمریكا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share