دەستەی کەشناسیی عێراق بڵاویکردەوە، کەشوهەوا بۆ چەند رۆژی داهاتوو سەقامگیر و ساماڵ دەبێت و پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە، بەڵام لە رۆژی یەکشەممەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور بەرەو هەور و ئەگەری بارینی باران دەبێت لە چەندین ناوچەی وڵات.
بە گوێرەی پێشبینییەکەی دەستەی کەشناسیی عێراق، تاوەکو رۆژی یەکشەممە ئەگەری بارانبارین نییە لەناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڵام لە رۆژی یەکشەمەدا گۆڕانکاری کەشوهەوا لە ناوچەکە دروست دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، شارەزایانی کەشناسی باسیان لەوەکرد، “بارانێکی دیکەی باش ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە لە نێوان کۆتا رۆژەکانی رەمەزان و رۆژانی جەژندا.”
یەکێک لەو شارەزایانەی کەشناسی شاڵاو هیدایەت بوو، رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممەی داهاتووەوە کە کۆتا رۆژەکانی مانگی رەمەزان دەبێت، گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا دروستدەبێت و پێشبینی دەسپێکردنەوەی بارانبارین دەکرێت، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی رێژەی شێ لە هەوادا بەهۆی شەپۆلی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست.