دەسەڵاتدارانی تایوان رایانگەیاند، چوار کەس گیانیانلەدەستداوە و بە دەیانکەسی دیکە برینداربوون بەهۆی ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی ناوچەکەی هەژاندووە کە لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە.
بە گوێرەی ئامێری پێوانە، گوڕی بوومەلەرزەکە 7.2 پلە بووە بە پێوەری رێختەر و بەهۆیەوە لە هەریەک لە تایوان و ژاپۆن و فلیپین هۆشداری لەبارەی تسۆنامییەوە دراوە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، راگەیەندراوە کە لانیکەم 26 باڵەخانە رووخاون، کە زیاتر لە نیوەیان لە شاری هوالین بوون و نزیکەی 20 کەسیش گیریانخواردووە لەکاتێکدا هێشتا کارەکانی رزگارکردن بەردەوامە.
ئیدارەی ناوەندی بوومەلەرزەزانی تایوان رایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 15.5 کیلۆمەتر لە کەنارەکانی رۆژهەڵاتی دوورگەکە روویداوە.
ئاژانسی هەواڵی رەسمی تایوان بڵاویکردەوە، ئەمە بەهێزترین بوومەلەرزە لە دوای ساڵی 1999ەوە لە دورگەکە روویدابێت، کە دوایین بوومەلەرزە بە گوڕی 7.6 پلە نزیکەی دوو هەزار و 400 کەس گیانیانلەدەستدا و 50 هەزار باڵەخانە بە تەواوی یان بەشەکی وێرانبوون.