دزی لە فڕۆكە تایبەتەكەی سەرۆكی ئەمریكا دەكرێت

لە رووداوێكدا كە دەنگدانەوەی لە واشنتن هێنایە ئاراوە، دیاردەی دزی لەنێو ژووری تایبەت بە پەیامنێران لەنێو فڕۆكە (ئێر فۆرس وەن)ەكەی سەرۆكی ئەمریكادا ئاشكرابوو.

بەپێی بەدواداچوونێك دەركەوت دەیان كەس لەو رۆژنامەنووسانەی بەشێوەیەكی گشتی یاوەریی جۆ بایدن-ی سەرۆكی ئەمریكا و پێشتریش یاوەریی سەرۆكەكانی دیكەیان كردووە لە گەشتەكانی دەرەوەدا “بەر لە دابەزین لە فڕۆكەكە بە بێدەنگی جانتاكانیان لەو شتانە پڕكردووە كە بەرچاویان كەوتووە، لە پەرداخی تایبەت بە خواردنەوەی ویسكی و رازێندراوە بە نەخش، تا پەرداخی شەراب و تا رادەیەك هەر شتێك كە لۆگۆی فڕۆكەی (ئێر فۆرس وەن)ی لەسەر بووبێت” وەك ئەوەی سایتی پۆلیتیكۆ بڵاویكردووەتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە تیمی فڕۆكەی سەرۆكایەتی ناوبەناو كیسەی بچوكی دەنكە شۆكۆلاتە دابەشدەكەن كە مۆری سەرۆكایەتی و واژووی سەرۆكی ئەمریكای لەسەرە.

هەرچی پەرداخ و ئەودوای كەلوپەلەكانی دیكەیە كە لۆگۆی (ئێر فۆرس وەن)یان پێوەیە، لە ئینتەرنێت بۆ كڕین دەستدەكەون.

لەمیانەی گەشتەكانی دەرەوەی وڵاتی سەرۆكی ئەمریكادا 13 رۆژنامەنووس یاوەری دەكەن و لە بەشێكی تەرخانكراو و تایبەتی بەشی پشتەوەی فڕۆكەكەدا شوێنی دانیشتنیان دیاریكراوە.

ئەوان لەلایەن میدیاكانیانەوە تێچووی گەشتەكانیان دابیندەكرێت، لەوانەش ئەو خواردن و خواردنەوانەی لەسەر فڕۆكەكە پێشكەشیان دەكرێت.

بابەتی پێشتر

زاخۆ.. ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر وەرگەڕا

بابەتی دواتر

بەهای زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوامە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share