دوایین دەركەوتنی زەواهیری.. چوار ئاماژە كۆنیی تۆمارەكە دەردەخەن

ئەیمەن زەواهیری

ڕێكخراوی قاعیدە سەركەوتوو نەبوو لە هێنانەدیی ئامانجەكەی كە بەهۆیەوە تۆمارێكی ڤیدیۆیی ئەیمەن زەواهیری-ی سەرۆكی لە بیستەمین ساڵیادی هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر بڵاویكردەوە بۆ سەلماندنی زیندووبوونی، بەڵام ڤیدیۆكە چەند ئاماژەیەك لەخۆدەگرێت كە نیشانیدەدەن ڤیدیۆكە كۆنە.

چوار خاڵی سەرەكی لە ڤیدیۆكەی ڕۆژی شەممەی زەواهیری-دا نییە، كە دەیسەلمێنێت چەند مانگێك لەمەوپێش تۆماركراوە.

پشتگوێخستنی كۆتاییهاتنی كشانەوەی ئەمریكا
ڤیدیۆی سەركردەكەی ڤاعیدە كە لەلایەن یەكێك لە پێگەكانی ڕێكخراوی قاعیدەوە بڵاوكرایەوە و تیایدا زەواهیری باس لە كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان دەكات پاش ڕێككەوتنی شوباتی 2020، ئەمەش ئەو ئەگەرە دەهێنێتە ئاراوە كە تۆمارەكە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئازار، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی هیچ ئاماژەیەكی بۆ گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییە نەكرد، لەوانەش تەواوبوونی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئابی ڕابردوو.

فەرامۆشكردنی كۆنتڕۆڵكردنەكەی تاڵیبان
زەواهیری هیچ ئاماژەیەكی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبان-ی هاوپەیمانی نەكرد، دوای پێكهێنانی حكومەتێك كە سەركردەی تۆڕی حەقانی-ی نزیك لە قاعیدە لە خۆدەگرێت.

بە وشەیەكیش پیرۆزبایی لە تاڵیبان نەكرد، سەرەڕای ئەوەی زەواهیری لە كاتێكی پێشتردا پشتیوانیی خۆی بۆ هیبەتوڵڵا ئاخوندزادە-ی سەرۆكی بزوتنەوەكە نیشاندا.

ئاماژەدان بە هێرشە كۆنەكان
لە تۆمارە ڤیدیۆییە یەك كاتژمێرییەكەدا زەواهیری ئاماژەی بەو هێرشە كرد كە لەڕێی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوەوە لە كانونی دووەمی ڕابردوو بۆسەر بنكەیەكی سەربازیی ڕوسیا لە تل سەمەن-ی سەر بە پارێزگای ڕەققە لە سوریا ئەنجامدرا و گروپی (حراس الدین)ی سەر بە قاعیدە بەرپرسیارێتییەكەی گرتە ئەستۆ.

داواكردنی هێرشی نوێ
زەواهیری داوای هێرشی زیاتری كرد بۆ “زیانگەیاندن بە دوژمن” و پێگەیاندنی زیانی ئابوری و سەربازی.

ئەم داوایە پێچەوانەیە لەگەڵ دۆخەكە، بەتایبەت لەئێستادا تاڵیبان كۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی كردووە و بەرپرسانی بزوتنەوەكەش بەمەبەستی بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە دەسەڵاتەكەیان، چەندین جار دووپاتیانكردەوە كە نایانەوێت دەست لە كاروباری ناوخۆیی وڵاتان وەربدەن.

زەواهیری سەرۆكایەتی ڕێكخراوی قاعیدەی گرتەدەست، دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 هێزەكانی ئەمریكا كوژرانی ئوسامە بن لادن-ی یەكەم سەرۆكی قاعیدەی لە هێرشێكدا لە پاكستان ڕاگەیاند.

لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو بەشێك لە میدیاكان هەواڵی مردنی زەواهیری-یان بڵاوكردەوە، قاعیدەش بەو ڤیدیۆیە دەنگۆكەی ڕەتكردەوە و هاوكات لەگەڵ ساڵیادی هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر هێز و توانای خۆی نیشاندا.

س: سكای نیوز عەرەبییە

بابەتی پێشتر

بۆ بەرەنگاربوونەوەی برسێتی لە جیهاندا داوای 10 ملیار یۆرۆ دەكرێت

بابەتی دواتر

تاڵیبان برینداربوون یان كوشتنی مەلا بەرادەر ڕەتدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بایدن ئەمڕۆ دەگاتە ئەوروپا

ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئه‌مریكا ڕایگەیاند، جۆ بایدن ئەمڕۆ ده‌گاته‌ ئه‌وروپا و دیدار له‌گه‌ڵ پاپای ڤاتیكان و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی…
Total
0
Share