ئامارێکی رەسمی: نزیکەی 10٪ی دانیشتووانی ئیتاڵیا زۆر هەژارن

ئامارێکی رەسمی ئەو وڵاتە دەریخستووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئیتاڵیا لە هەژاریدا دەژین لە ساڵی 2023 بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی نزیکەی 10 ساڵی رابردوودا.

پەیمانگای نیشتمانیی ئاماری ئیتاڵیا رایگەیاندووە، “ژمارەی ئەو کەسانەی زۆر هەژارن، واتە ئەوانەی ناتوانن کاڵا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بکڕن، بۆ 5.75 ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە کە دەکاتە 9.8٪ی کۆی ژمارەی دانیشتووان کە بەرزترینە ئاستە لە ساڵی 2014ەوە”.

ئابووری ئیتاڵیا لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2021 و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داڕووخانی ئابوری زۆر خێراتر لە وڵاتانی دراوسێی توانی ئەو بارودۆخە تێبپەڕێنێت، بەڵام راپۆرتی پەیمانگای نیشتمانیی ئامار دەریخستووە بوژانەوەکە بەهیچ شێوەیەک یارمەتی دانیشتووانە هەژارەکەی ئەو وڵاتەی نەداوە.

حکومەتەکەی جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا ساڵی رابردوو دەستیکرد بە قۆناغ بە قۆناغ کۆتاییهێنان بەو یارمەتییانەی کە لە ساڵی 2019ەوە لەلایەن حکومەتەوە دەدرا بە هەژاران، سەرباری هۆشدارییەکانی ئابوریناسان و بانکەکانی ئیتاڵیا لە کاریگەری خراپی ئەو بڕیارە لەسەر هەژاران.

بەرنامەکە لە سەرەتای ئەمساڵدا بە تەواوی هەڵوەشایەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارێکی دیکەی پەیمانگای نیشتمانیی ئامار لە ساڵی 2019 ئەو بەرنامەیە یارمەتی نزیکەی یەک ملیۆن خێزانی داوە لە هەژاری رزگاریان ببێت.

بابەتی پێشتر

گواستنەوەی شوێنی دەرچوونی ناسنامە لە سەرجەم شارەکانی عێراق قەدەغەدەکرێت

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بڕیاری راگرتنی ئاگربەستی لە غەززە پەسەندکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share