وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگ دەکات و لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، یەکێک لە سەرەکیترین ئامانجەکانی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتن، پرسی پەیوەندییەکانی داهاتووە لەدوای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گۆڕینی بۆ پەیوەندی دووقۆڵی لە لایەنی ئەمنیی و سەربازیی و دابینکردنی چەکەوە.
یەکێکی دیکە لە پرسەکانی دانوستان بۆ سەرۆک وەزیران کە جێگەی بایەخ دەبێت، پرسی داراییە، ئەوەی پەیوەندیدارە بە بڕیارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر بانکە عێراقییەکان.
بەشێکی دیکە لە گفتوگۆکان لە سەردانەکەدا پەیوەست دەبێت بەو جەنگەوە کە لە ناوچەکە روودەدات و هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق لەبارەیەوە دووپاتدەکرێتەوە.
باسم عەوادی دووپاتیشیکردووەتەوە، سەردانەکە تەنها سەردانێکی بێ ئامانج نابێت و لە پێناو ئەوەدایە، گۆڕانکاری کاریگەر و ئەرێنی لەسەر دۆخی عێراق دروستبکات، پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا بگۆڕێت.
وتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لەوەشکردووە، عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە، سەرۆک وەزیرانیش هەوڵدەدات عێراق رۆڵ و پێگەی گونجاوی خۆی بەڕێژەی قەبارەی خۆی لە بوارە جیاجیاکانی مێژوویی و شارستانی و مرۆییەکان بە شێوەیەکی دروست بگێڕێت.