هەڤاڵ ئەبوبەکر: بە بارمتەگرتنی مووچە و بژێویی هاوڵاتییان تەواوکردنی جینۆسایدی خەڵکی کوردستانە

پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، بە بارمتەگرتنی مووچە و بژێویی هاوڵاتییان تەواوکردنی جینۆسایدی خەڵکی کوردستانە، دەست لە قۆرغکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن و دەست بە دابەشکردنی مووچە و بودجە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، کاسەی پڕ ئاشتیی ماڵە، بە بارمتەگرتنی خەڵک و خاک و ژیان و کار و بژێویی و مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان، لەلایەن دەسەڵاتداران و بە کەمتەرخەمیی و سەرکەشیی و بێباکیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بە دەستتوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، تەواوکردنی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان و زیادکردنی ئیکۆساید و ئیکۆنۆمیکساید و بایۆسایدە بۆ پرۆسەی پاکتاوکردنی رەسەنترین دانیشتووانی سەر ئەم زەمینە و لە باربردنی ئارامیی دەرونیی تاک و ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و سەقامگیریی گشتییە.

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، چارەسەرنەکردنی کێشە و قەیرانە قوڵەکانی دارایی و ئابوریی لە دە ساڵی رابردوودا و بە ئێستاشەوە، گەورەترین زیانی بە خەڵکی کوردستان و دامودەزگاکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان گەیاندووە، پاشەکەوت و لێبڕین و کەمکردنەوە و خەرجنەکردنی مووچە لە رۆژژمێری مانگانەی خۆیدا، پابەندیی کارگێڕیی ناهێڵێت و بایکۆتی ناچاریی دەهێنێتەکایەوە و راژە و خزمەتگوزارییەکان پەکدەخات و مانایەک بۆ دامەزراوە حکومییەکان ناهێڵێتەوەو زیانی گەورەیش لە کەرتی تایبەت دەدات.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژە بەوەشدەکات، دەست لە قۆرغکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن و دەست بە دابەشکردنی مووچە و بودجە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوە و کۆتایی بە بەتاڵکردنی کاسەی ماڵان و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی گشتیی بێنن، بۆ ئەوەی مانایەک بۆ حوکمڕانی و ئاشتی و ئاسایش و ئابوری و ئاوەدانی بگەڕێتەوە.

‎پارێزگاری سلێمانی داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات، “دوور لە خواست و ئەجێنداو ململانێی هەموو حیزبەکان، دارایی خۆی رێکبکاتەوە و، بچێتە بەغداد و شوێنەکانی تر و شەڕی داوا رەواکانی خەڵک بکات و، خۆی لە قوڵکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان دووربخاتەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری کوشتنی منداڵێک رادەگەیەنێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ژن و پیاوێکیان دەستگیرکرد، کە لە پارێزگای دیالە منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان…
زیاتر ببینە

لەبارەی دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەوە پەیامێك بە مووچەخۆران دەدرێت

بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی هەرێم چەند زانیارییەك لەبارەی دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ئاشكرادەكات و رایدەگەیەنێت، “لیستی مووچە بە پلەبەرزكردنەوەوە ئامادەدەكەین…
Total
0
Share