پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، بە بارمتەگرتنی مووچە و بژێویی هاوڵاتییان تەواوکردنی جینۆسایدی خەڵکی کوردستانە، دەست لە قۆرغکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن و دەست بە دابەشکردنی مووچە و بودجە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، کاسەی پڕ ئاشتیی ماڵە، بە بارمتەگرتنی خەڵک و خاک و ژیان و کار و بژێویی و مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان، لەلایەن دەسەڵاتداران و بە کەمتەرخەمیی و سەرکەشیی و بێباکیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بە دەستتوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، تەواوکردنی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان و زیادکردنی ئیکۆساید و ئیکۆنۆمیکساید و بایۆسایدە بۆ پرۆسەی پاکتاوکردنی رەسەنترین دانیشتووانی سەر ئەم زەمینە و لە باربردنی ئارامیی دەرونیی تاک و ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و سەقامگیریی گشتییە.
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، چارەسەرنەکردنی کێشە و قەیرانە قوڵەکانی دارایی و ئابوریی لە دە ساڵی رابردوودا و بە ئێستاشەوە، گەورەترین زیانی بە خەڵکی کوردستان و دامودەزگاکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان گەیاندووە، پاشەکەوت و لێبڕین و کەمکردنەوە و خەرجنەکردنی مووچە لە رۆژژمێری مانگانەی خۆیدا، پابەندیی کارگێڕیی ناهێڵێت و بایکۆتی ناچاریی دەهێنێتەکایەوە و راژە و خزمەتگوزارییەکان پەکدەخات و مانایەک بۆ دامەزراوە حکومییەکان ناهێڵێتەوەو زیانی گەورەیش لە کەرتی تایبەت دەدات.
هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژە بەوەشدەکات، دەست لە قۆرغکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن و دەست بە دابەشکردنی مووچە و بودجە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوە و کۆتایی بە بەتاڵکردنی کاسەی ماڵان و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی گشتیی بێنن، بۆ ئەوەی مانایەک بۆ حوکمڕانی و ئاشتی و ئاسایش و ئابوری و ئاوەدانی بگەڕێتەوە.
پارێزگاری سلێمانی داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات، “دوور لە خواست و ئەجێنداو ململانێی هەموو حیزبەکان، دارایی خۆی رێکبکاتەوە و، بچێتە بەغداد و شوێنەکانی تر و شەڕی داوا رەواکانی خەڵک بکات و، خۆی لە قوڵکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان دووربخاتەوە”.