لەسەرەتای ئەمساڵەوە 40 هەزار هاوڵاتیی عێراقی و کورد کۆچیانکردووە

ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی لەسەرەتای ئەمساڵەوە و لەماوەی 10 مانگدا عێراق و هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە، 40 هەزار کەس دەبن، تائێستاش 24 کەس لە ڕێگەی چوونیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.

لەسەر پرسی کۆچ لە هەرێمی کوردستان، سیروان بابان ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەوانەی دەیانەوێت کۆچ بکەن بەرەو وڵاتانی ئەوروپا لە سنوورەکانی بیلاڕوسیا، بولگاریا، لیبیا، تورکیا و تەنانەت ئێرانیشەوە دەڕۆن و بەشێکیان بەهۆی فێڵی قاچاخچییەکانەوە گیریانخواردووە، تیایاندایە لە سودان گیرساونەتەوە.

سیروان بابان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، “بەشێکی زۆر لە نووسینگە و قاچاخچییەکان فێڵ لە خەڵک دەکەن، حاڵەت هەیە بە چەند خێزانێک 400 هەزار دۆلاریان داوەتە قاچاخچی و فێڵیانلێکراوە”.

وتیشی، “لە ماوەی ڕابردوودا کەسێکیان لە لوبنان گەڕاندووەتەوە کە یەک ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری لە خەڵک وەرگرتووە بەناوی ئەوەی دەیاننێرێت بۆ ئەوروپا، بەڵام فێڵی لێکردوون، كەسەكە دەستگیركراوە و لە لوبنانەوە گەڕێنراوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان”.

سیروان بابان پێشی وایە، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان، کە کاری ئەوەیە بەدوای چارەسەری ئەم کێشانەدا بڕوات، پەکخراوە، ئەوانەشی پەکیانخستووە بەمەبەست وایانکردووە.

هەر سەبارەت بە پرسی کۆچبەران ئاری جەلال بەرپرسی دەزگای لوتکە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەسەرجەم ڕێگاکانەوە لەسەرەتای ئەمساڵەوە 40 هەزار هاوڵاتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆچیانکردووە، تەنها لە 10 مانگی ئەمساڵدا ئەوەی لای ئێمە تۆمارکراوە 24 کۆچبەری کورد گیانیان لەدەستداوە و لەو ژمارەیە تەرمی 10 کۆچبەر هەبوون و هێنراونەتەوە”.

بابەتی پێشتر

چاڤی پێیوایە بە چوار هەنگاو بارسا دەگەڕێتەوە لوتکە

بابەتی دواتر

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆكارەكانی كەمیی داهات ڕووندەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share