لە راگەیەندراوێکی پۆلیسی کەرکوکردا هاتووە، دوای دەستکەوتنی زانیاریی ورد و دروست، سەبارەت بە بوونی هۆڵێکی یاری قومار لە گەڕەکی قۆرییە، هێزەکانیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و 33 کەسیان دەستگیرکردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، لەو کاتەی هێزەکانیان چونەتە ناو هۆڵەکە ئەو کەسانەی لەوێ بوون سەرقاڵی قومارکردن بوون و بازرگان و خاوەنکاری ناوداری تێدابووە.
باس لەوەشکراوە، لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە بەڵگەکان کۆکراونەتەوە و تەواوی بەڵگەکان لەبەردەستدان لەسەر بەڕێوەچوونی قومار لە هۆڵەکەدا، کە پێچەوانەی یاسا و دابونەریت و ئاین و پیرۆزی مانگی رەمەزانیشە کە ئێستا تیایداین و کۆکردنەوەی پارەیە بە فێڵکردن و لە رێگەی ناتەندروست و ناشەرعی و پێچەوانەی یاساوە.
لە کۆتای راگەیەندراوەکەی پۆلیسی کەرکوکدا ئەوەش هاتووە، بە گوێرەی ماددەی 389 لە یاسای سزادان کەسەکان دەستگیرکراون و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.