ئەمڕۆ بەسەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە دەباشان کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوا ئامادەکاری یەکێتیی لەسەرجەم بازنەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە کرا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا هاتووە، کۆبوونەوەکە پێداگرییکرد لەسەر پێویستی بەپەلە دابەشکردنی مووچە وەک ئەولەویەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
ئاماژە بەوەش دەکات، کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی یەکێتی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت، وەک تەنهاو تەنها رێگای راست و رەوای نوێکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسیی و شەرعیەتی حوکمڕانی لەوڵاتەکەماندا، کۆبوونەوە پێی وایە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی راگەیەندراوی خۆیدا، بەهەر بیانووییەکەوە بێت ، پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسیی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا هاتووە، پاراستنی قەوارەکەمان لە هەڕەشە و مەترسی، تەنها لەرێی گەڕانەوە بۆ رای کۆمەڵانی خەڵک و دیاریکردنی نوێنەرەکانیان لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی پاک و بێگەردی ئەوتۆدا دەبێت کە روانینی سەرجەم هێز و لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە خۆبگرێت، بەتایبەتی کێشەی مووچە و گوزەرانی خەڵک.
بەپێی راگەیەندراوەکە، کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی هەڵوەستەی لەئاستی ئەو راستیەشدا کرد کە ئەزموونی زیاتر لە سێ دەیەی کوردستانی ئازاد بە قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بەدیهاتووە و پێویستە لەرێی دەستاودەستکردنی دیموکراتیانەی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت، بەو جۆرەی رێز و متمانەی خۆی لای کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پتەوتر بکات کە پشتیوانی لە ئەزموونێک دەکات ئازاد و دیموکرات و شەرعی بێت.