سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەو دۆخە سەقامگیرەی لە عێراقدا هەیە دەرخەری ئەو راستییەیە کە عێراق بەرەو ئەوە دەچێت لە هەنگاوەکانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە وڵاتەکە بەرەوپێشچووبێت.
نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لەگەڵ تۆبیاس لیندنەر، وەزیری حکومەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری کۆبووەتەوە.
سودانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، عێراق پێشوازی لە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان و هاوبەشەکانی دیکە دەکات لە پڕۆژەکانی گەشەسەندن و باشترکردنی ژێرخانی ئابوری وڵات، حکومەت بەردەوامە لە فراوانکردنی ژینگەی وەبەرهێنان و راکێشانی شارەزایی جیهانی.
سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە، “ئەو دۆخە سەقامگیری و ئاسایشەی ئەمڕۆ لە عێراق بەدەست هاتووە و پەرەسەندنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانمان، پێشکەوتنەکان لە کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گۆڕان بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندامدا پشتڕاست دەکەنەوە.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی ئەڵمانیا بەردەوامە لە چالاککردنی ئەو پلانە هاوبەشەی کە سودانی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا واژۆیان کردووە، لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ بەرلین.
وتیشی، “پاڵپشتی هەنگاوەکانی حکومەت دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، “ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی هاوکاریی دووقۆڵی لەگەڵ عێراق لەبواری ئەمنی و سەربازیدا.”