بە تۆمەتی راوکردنی ماسی لە دەریاچەی دەربەندیخان دوو کەس دەستگیران و دەستبەسەر چەند کەلوپەلێکی راوکردن و چەند ماسییەکی راوکراودا گیرا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەکی بەشى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سەیدسادق بۆ سەر دەریاچەی دەربەندیخان هاوڵاتییەك دەستگیرکرا، و توانرا دەست بەسەر یەک چەکی کڵاشینکۆف دا بگیرێت.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانیدا هاتووە، لە چالاکیەکی دیکەی هەمان بەشدا و لە کاتی دەرچوونیان بۆ سەر دەریاچەی دەربەندیخان هاوڵاتییەکیان بەدیکرد کە سەرقاڵی راوە ماسی بوو، بەڵام پێش گەیشتنی مەفرەزەکە هاوڵاتییەکە هەڵات و دەستگیرا بەسەر کەلوپەلەکانی دا کە بریتیبوون لە تۆڕێک و ماتۆڕسکیلێک.
بەپێی راگەیەندراوێکی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، هەر لەسەر دەریاچەی دەربەندیخان بەڵام لە سنووری سەیدسادق نزیک پردی کۆن توانیان هاوڵاتییەك دەستگیربکەن و دەست بەسەر چەند کەلوپەلێکی راوکردندا بگرن، لە چالاکییەکی دیکەدا، توانرا دەستبەسەر حەوت ماسی راوکراو دا بگرن، و دوو تۆڕی نانەوە هەڵبگیرێتەوە و دەستی بەسەردا بگیرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ کەسێک لەشوێنی رووداوەکەدا نەبوو نەتوانرا تۆمەتبار دەستگیربکرێت و گەڕان بۆ دەستگیرکردنی بەردەوامە.
پەڕاوی لێکۆڵینەوە رێکخراوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی .
لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ لە 5 ی ئازارەوە قەدەغەی راوەماسی دەستیپێکردووە و تاوەکو 15ی حوزەیرانی 2024بەردەوامدەبێت.
بڕیارەکە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جگە لە بەنداوی موسڵ دەگرێتەوە.