ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، رێژەی فیدیەی بەڕۆژوونەبوون و سەرفیترە و زەکاتی ئەمساڵی دیاریکرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە، رێژەی سەرفیترە بە 2500 دینار دیاریکراوە.
فیدیە بە ئەندازەی دیاریکراوی 2500 دینار و زەکات بە ئەندازەی دیاریکراوی دوو ملیۆن و 100 هەزار دینار.
لە روونکردنەوەیەکیشدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەندازەی ئەو بڕە پارەیەی زەکات تیایدا واجب دەبێت بڕی دوو ملیۆن و سەد ھەزار دیناری عیراقی یە واتە، ھەر کەسێک دوو ملیۆن و سەد ھەزار دیناری عیراقی ھەبێت و ساڵی بەسەردا تێپەڕی بێت، واجبە ڕێژەی 2.5٪ی بە زەکات بداتە هەژار و کەمدەرامەتان و بەوجۆرەش لە هەر ملیۆنێک دینار بڕی 25 هەزار دیناری دەردەچێت.