نرخی تەماتە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و روونکردنەوەی لەبارەوە دەدرێت

بەهۆی هاتنی مانگی رەمەزان و زیادبوونی خواست لەسەر بەرهەمی تەماتە، هاوکات بەهۆی نەبوونی هاوردە لە دەرەوەی عێراقەوە، نرخی تەماتە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیووە.

سەروەر عەتا، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، کیلۆیەک تەماتە لە بەیانی ئەمڕۆدا لە عەلوە بە 1200 دینار فرۆشراوە و وتیشی، “پێم وابێت تا دەگاتە دەستی کڕیار لە بازاڕ و دووکانە بەقاڵییەکان نرخەکەی نزیکدەبێتەوە لە دوو هەزار دینار.”

سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تەماتەیەی لە ناوچەکانی هەرێم هەن لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێت و لەدەرەوەی عێراقەوە تەماتە هاوردە ناکرێت و بە بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوردەکردنی تەماتە راگیراوە.

راگرتنی هاوردەکردنی تەماتە لەماوەی رابردوودا لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە بەمەبەستی ئەوە بووە نرخی تەماتە ناوچەکانی بەسڕە و ناسڕییە و زوبێر دانەبەزێت و زیان بە جوتیاران نەگات، وەک چۆن لە وەرزی پێشووی پێگەیشتنی تەماتەی پێنجویندا، هەمان بڕیار دەرکرا، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی خواستی خەڵک لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکە زیاترە لە رێژەی بەردەست، نرخەکەی بەرزبووەتەوە و بارگرانی لەسەر هاوڵاتییان دروستکردووە.

 

 

بابەتی پێشتر

سوودە تەندروستییەکانی زەنجەفیل لە مانگی رەمەزاندا چییە؟

بابەتی دواتر

کەشوهەوای پێشبینیکراوی 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share