لەگەڵ هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی زۆرێک لە رۆژووەوانان هەست بە تینوێتی دەکەن، بۆ زاڵبوون بەسەریدا ئەگەر بە رێژەیەکی کەمیش بێت، پزیشکەکان چەند ئامۆژگارییەکیان خستووەتەڕوو.
پزیشکەکان ئامۆژگاری پابەندبوون بە خواردنی تەندروست و زیادەڕۆیی نەکردن لە خواردندا لە کاتی پارشێو و بەربانگدا دەکەن، هاوکات جەختلەوە دەکەنەوە کە پێویستە هەندێک خواردن زیاتر بخورێت و هەندێکی دیکەش کەم بکرێتەوە.
سەبارەت بە کاتەکانی خواردنەوەی ئاو پزیشکەکان دەڵێن، “لەکاتی پارشێودا زۆر ئاو مەخۆرەوە، تێڕوانینێکی هەڵە هەیە کە خواردنەوەی ئاوی زۆر لەوکاتەدا دەبێتە هۆی ئەوەی لە رۆژدا زاڵ بین بەسەر تینوێتیدا، بەڵام راستی زانستی ئەوەیە کە گورچیلەکانی جەستەی مرۆڤ دوای چەند کاتژمێرێک خۆیان لەو ئاوە رزگار دەکەن”.
ئامۆژگاری رۆژووەوانانیش دەکەن لە نێوان بەربانگ و پارشێودا ئەو بڕە ئاوەی کە دەیخۆنەوە دابەشیبکەن بەسەر چەند کاتێکی جیاوازدا بۆ ئەوەی لەشیان لەو ماوەیەدا شێدار بمێنێتەوە.
دەشڵێن، “پاراستنی ئاو لە جەستەدا تەنها بەخواردنەوەی ئاو نییە، بەڵکو خواردنی چەندین سەوزە و میوەش هەمان سوود بە رۆژووەوانان دەگەیەنێت و دیارترینیشیان خەیار و تەماتەیە کە زیاتر لە 94٪یان ئاوە”.
ئەو پزیشکانە ئەوەشیان خستووەتەڕوو، چەند سەوزەیەک هەن کە رێژەیەکی باش ئاویان تێدایە لەوانە سپێناخ و قارچک و برۆکلی، سەبارەت بە میوەکانیش دیارترینیان شووتی و سێو و پرتەقاڵ و ترێیە.
ئەو پسپۆڕە تەندروستییانە ئامۆژگاری کەمکردنەوەی خوێ لە خۆراکدا دەکەن، هەروەها کەمکردنەوەی خواردنی سوێر و بەهارات، بەتایبەتی ترشیات و زەیتون و ماسی سوێر و خۆشکراو، چونکە هەستکردن بە تینوێتی لە رۆژدا زیاد دەکەن.
سەبارەت بە خواردنەوەی قاوە شارەزایان ئامۆژگاری کەمکردنەوەی ئەو خواردنەوەیە دەکەن و جەختلەوە دەکەنەوە کە پێویستە چای سەوز لەجیاتی ئەو خواردنەوەیە بخورێتەوە چونکە دەبێتە هۆی میزکردنی زۆر لە رۆژدا.