وەزیری دارایی هەرێم: لە هەوڵی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی عێراقداین

ئاوات شێخ جەناب

وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، لە هەوڵی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی عێراقداین، بۆ ئەوەی هیچ بیانویەک بۆ دواکەوتنی مووچە نەمێنێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە  دکتۆر تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد، لەدیدارێکدا تیشک خرایە سەر دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران .

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمدا هاتووە، وەزیری دارایی رایگەیاند، لە چەند مانگی رابردوودا لەسەر هەمواری یاسای بودجەو چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتبونە رێککەوتن و چاوەڕێ بوون لە رێی هەمواری یاساکەوە لە پەرلەمان کێشەکە چارەسەر بکرێت و مووچە لەهەموو کێشەو ململانێیەک جیابکرێتەوە، بەڵام قەیرانی هەڵنەبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و کێشە سیاسییەکان تا ئێستا رێگربوون لەچارەسەری ئەو بابەتە.

ئاوات شێخ جەناب، رایگەیاند، وەک وەزارەتی دارایی هەماهەنگی تەواویان لە گەڵ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق هەیە و ماوەی 10 رۆژە تیمە هاوبەشەکان سەرقاڵی وردبینین لە خەرجی و داهاتەکانی شەش مانگی کۆتایی ساڵی رابردووی هەرێمی کوردستان.

لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، وەک وەزارەتی دارایی هەموو هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە هونەرییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، تا هیچ بیانویەک بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران نەمێنێت.

بابەتی پێشتر

چەند زانیارییەک لەسەر بەکتریای گەدە

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ یادی 33 ساڵەی راپەڕینی خەڵکی هەرێمی کوردستانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share