وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، راپەڕین کلیلی هەموو پێشکەوتنەکانی کوردە لە عێراق و جیهان و کارتی بەهێزی کورد ئەوەیە کە لەم کاتەدا یەکگرتوو بێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەبۆنەی یادی 33 ساڵەی راپەڕینەوە ئاماژەی بەوەکرد، “مانگی ئازار یەکێکە لەو مانگانەی کە مانگی ژمارەیەک لە سەرکەوتن و خۆشحاڵییە و لە هەمان کاتیشدا مانگی ژمارەیەک ئازار و ناخۆشییە بۆ گەلەکەمان”.
ئەوەشی خستەڕوو، “راپەڕین کلیلی هەموو پێشکەوتن و سەرکەوتنەکانی کوردە لە عێراق و جیهان لە ساڵی 1991ەوە تائێستا و بووە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕش لە ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق”.
دەشڵێت، “کارتی بەهێزی کوردستان ئەوەیە کوردەکان یەکگرتووبن و بە یەک دەنگ بەردەوامبن و بەو شێوەیە دەتواندرێت لە بەغداد و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە مافەکانیان بگەن وەک چۆن لە پێشتردا بەو شێوەیە شۆڕشی نوێ سەرکەوتوو بووە”.
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی راگەیاند، لە هەندێک شوێن بەشێوەیەکی ناشرین باسی هێزی پێشمەرگە دەکرێت، لەکاتێکدا ئەو هێزە هەوێنی پاراستنی عێراق و هەموو لایەنێکی سیاسیی عێراقی بووە.
سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان وتەبێژی یەکێتی وتی، “ئێمە لە سکاڵاکەماندا داوامانکردووە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردن بەسەر چوار بازنەدا دابەش بکرێت، نە زیاتر و نە کەمتر، بەهیچ شێوەیەکیش داوامان نەکردووە کورسی کۆتاکان لاببریت”.