ئەمڕۆ لایەنە سونییەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و رێکەوتنی کۆتاییان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی هاوبەشی هەرسێ هاوپەیمانێتی (سیادە، حەسم، عەزم)، ئەمڕۆ لایەنە سونییەکان و ژمارەیەک لە لایەنە سەربەخۆکان لە شاری بەغداد بە بەشداریی بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکیان لە شاری بەغداد سازکرد بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لەنێوان ئەو دوو کاندیدەدا جێبەجێبکردن کە لە کۆبوونەوەی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا.
لە کۆبوونەوەی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەریەکە لە شەعلان کەریم و سالیم عیساوی زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا و سەرکەوتن بۆ گەڕێکی دیکەی دەنگدانەکە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا جەختلەوەکراوەتەوە، ئەو داوا یاساییەی دژی کۆبوونەوەی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە دادگای باڵای فیدڕاڵی بەرزکراوەتەوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە نابێت.