وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەبارەی رێکارەکانی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوورەوە روونکردنەوەیدا و پێشبینی کرد نرخەکان وردە وردە دابەزێت دوای رێوشوێنەکانی وەک کەمکردنەوەی باجی هاوردەکردن و دەشڵێت، “ئێستا کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە نرخی کۆ بە 16 هەزار دینارە.”
محەمەد خەزاعی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، هاوردەکردنی گۆشت مەرجدارە، بۆ پاراستنی تەندروستی ئاژەڵان و تەندروستی مرۆڤ، بۆیە ئێمە لە هەموو وڵاتێکەوە گۆشت هاوردە ناکەین مەگەر وڵاتێک بێت کە وریا بێت لە هەناردەکردنی ئاژەڵ، جا مانگا بێت یاخود مەڕ.
ئاماژەی بەوەشکرد، مەرجێکی دیکەش بۆ عێراق گرنگە ئەویش بە ئەندامبوونی وڵاتی هەناردەکارە لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی و دەبێت پەیوەندی هاوبەش لە نێوان ئەو وڵاتە و عراقدا هەبێت، لە ئەگەری نەبوونی پەیوەندی هاوکاری لە بواری ئاژەڵداریدا، تیمە تایبەتمەندەکانی تەندروستی ڤێتێرنەری دەچنە ئەو وڵاتە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاژەڵەکان رەزامەندی هاوردەکردنیان پێدەدرێت و دەگەنە سنووری عێراق، لیژنەی پزیشکی تایبەتمەندیش هەن کە پشکنینی ئاژەڵ و گۆشتەکان دەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دوورن لە هەر نەخۆشییەک.
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق وتیشی، “رێکارەکان پێویستیان بە ماوەیەک هەیە بۆ ئەوەی روون ببێتەوە و کاریگەری لەسەر نرخەکان هەبێت، نرخەکانیش دەستیان بە دابەزین کردووە، بەو پێیەی نرخی کۆ بۆ هەر کیلۆیەک گۆشتی مانگا گەیشتە 13 هەزار دینار و بۆ مەڕیش 16 هەزار، ئێستا لە بازاڕەکان مەڕ بە 20 هەزار دینار دەفرۆشرێت گۆشتی مانگا بە 15 هەزار دینار و وردە وردە زیاتریش دادەبەزنەوە.”