كازمی: 2021 ساڵی دەستکەوتەکان دەبێت بۆ عێراق

کازمی ڕایگەیاندووە، ڕێگەنادەن خاکی عێراق بەکاربێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی نێوان وڵاتان، ساڵی 2021یشی بە ساڵی دەستکەوتەکان بۆ عێراق ناو بردووە.

مستەفا کازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەبۆنەی 6ی كانونی دووەم، 100ەمین ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، “سوپای عێراق لە دامەزراندییەوە تا ئێستا هەمیشە دڵسۆز بووە بۆ نیشتمان و گەلەکەی”.

کازمی ستایشی سوپای کردووە لە کاروانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکەدا و ئاماژەی بەوەكردووە، “سوپاکەمان بەسەر داعشدا سەرکەوت و کۆتایی بەو ڕێکخراوە هێنا”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی وتارەكەیدا وەک ستایشکردن بۆ سوپا وتویەتی “سوپا لە هەموو ئەو هەوڵە چەپەڵانەدا سەرکەوتووە کە هەوڵیانداوە شکۆی بشکێنن، ئەمەش چەندینجاری دیکە لە مێژووی نوێدا ڕوویداوە”.

مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، “سوپا پەیامی ئاشتی و دڵنیاییە بۆ گەلەکەمان لە هەموو شوێنێکی نیشتماندا”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی ئەو ئاڵنگارییانەی کرد کە ڕوبەڕووی حکومەتەکەی بووەتەوە و ئاشكرایكردووە، “لە یەکەم ڕۆژی پێکهێنانی ئەم حکومەتەدا ڕوبەرووی ئاڵنگاریی گەورە و ئاڵۆز بووینەوە کە لە مێژووی نوێی عێراقدا نەبووە، ئەویش ئاڵنگاریی پەتای کۆرۆنا و قەیرانی ئابوری کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت سەریهەڵدا”.

کازمی بە نیگەرانییەوە باسی لە ڕەوشی عێراق کردووە و باسیلەوەكردووە، “مایەی نیگەرانییە عێراق لە وڵاتی شارستانی و دەروازەی مێژوو ببێتە گۆڕەپانی پاکتاوکردن و ئاڵنگاریی جەنگی جیهانی و هەرێمی، بۆیە ئەرکی هەموومانە وڵاتەکەمان لە دەرهاوێشتەکانی ئەو ململانێ مەترسیدارە بپارێزین”.

ڕاشیگەیاندووە، “لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونمانەوە بە ڕوونی کارمان کردووە بۆ دووبارە هاوسەنگی لە دۆسییەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان”.

“گفتوگۆی ستراتیجیمان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێکرد بە ئامانجی کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە وەک ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی سەردانەکەمان بۆ واشنتن ڕایگەیاند، ئەمەش بەرهەمی گفتوگۆی ستراتیجی بوو، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کشانەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کشانەوەی زیاتر دەبینین”، وەك سەرۆكوەزیرانی عێراق خستویەتییەڕوو.

لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئاشکراشیکردووە کە ژمارەیەک لەو هێزانە لە عێراق دەمێننەوە بۆ هەماهەنگی لە بوارەکانی مەشقپێکردن و پڕچەکردن و پشتیوانیی هونەری و ئاماژەی بەوەشكردووە، “بەپێی ڕێککەوتنی نێوان بەغداد و واشنتن خشتەیەک بۆ دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی عێراق دادەنرێت”.

وتیشی، “هەموو ئەو پێشهاتە لە ژێر ڕۆشنایی توانای هێزە چەکدارەکانمان و هێزە ئەمنییەکان بە پێکهاتە جیاوازەکانییەوە بۆ بەرگرییکردن لە خاکی عێراق و پارێزگارییکردن لە شکۆی گەلەکەی هاتووەتەدی”.

ڕایدەگەیەنین کە ساڵی 2021 ساڵی دەستکەوتەکان دەبێت بۆ عێراق لە هەموو ئاستەکاندا

کازمی لە وتارەکەیدا جارێکی دیکە بەڵێنی بە گەلی عێراق دا کە ڕێگە نادات هیچ لایەنێک ڕۆڵ بگیڕێت لە بڕیاری عێراق و ڕایگەیاند، “بڕیارەکانی بڕیاری نیشتمانیی عێراق دەبن”.

وتیشی، “چۆک بۆ موزایەدەی سیاسی و هەڵبژاردن دانادەین و بڕیارەکانمان لە ڕوانگەی بەرپرسیاریەتیی مێژووییمان دەدەین”.

ئەوەشی خستەڕوو، “عێراق نابێتە گۆڕەپانی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی و ڕێگە نادەین خاکەکەی بەکاربێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی نێوان وڵاتان”.

سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەشی وت، “بە ئارامگریی ئازایانە ڕوبەڕووی هەوڵی شکاندنی ئیرادە بووینەوە، ئەرکی هەموولایەکمانە عێراق و گەلەکەی بگەیەنین بە کەناری ئارامی”.

مستەفا کازمی باسی لەوەشكرد، “ڕێگە نادەین جارێکی دیکە وڵات بگەڕێتەوە بۆ جەنگی ویرانکەرانە و شکاندنی شکۆی دەوڵەت و ڕایدەگەیەنین کە ساڵی 2021 ساڵی دەستکەوتەکان دەبێت بۆ عێراق لە هەموو ئاستەکاندا و قۆناغی بەهەدەردانی سامانەکانی وڵات کوتاییهات”.

کازمی ڕووی قسەکانی ئاڕاستەی هاوڵاتییانی عێراق کرد و وتی، “بە گەلە مەزنەکەی خۆمان دەڵێین؛ قوربانیدانە گەورەکەی ئێوە بووە هۆی بونیادنانی ئایندەیەکی شایستە بۆ عێراق و عێراقییەکان”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، “لە ماوەی ڕابردوودا چەند لێدوانێکی توندمان لە هەموو لایەنەکانەوە بینی، لێرەوە داوا لە هەمووان دەکەم پابەندبن بە بەرژەوەندیی نیشتمانی و پشت بە زمانی دیالۆگ ببەستن.. عێراق و عێراقییەکان شایستەی قوربانیدان و ئارامگرتنن”.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) تۆتنهام برێنتفۆردی تێپەڕاند و گەیشتە فاینەڵی کاراباو کەپ

بابەتی دواتر

ترەمپ كۆڵنادات و داوای كۆبوونەوەی جەماوەریی دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

فوئاد حسێن لە ڕوسیایە

وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە مۆسكۆ-ی پایتەختی ڕوسیا و بڕیارە چەند دیدارێك لەو وڵاتە ئەنجامبدات. وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ…
Total
0
Share