لێدوانی ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیران عێراقییەكان دەكات بە دوو بەشەوە

هیشام داود، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق

لێدوانەكانی هیشام داود، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق دەنگدانەوەی لەناوخۆدا لێكەوتەوە، پاش ئەوەی ڕەخنەی لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس گرت.

سەركردە سیاسییە عێراقییەكانی نزیك لە ئێران هێرشێكی توندیان كردە سەر، جگە لە تۆمەتباركردن و داواكردنی دەست لەكارپێكێشانەوەی لە پۆستەكەی، كە بەهۆیەوە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران بڕیاری سڕكردنی لە حكومەتدا دەركرد.

بەڵام بڕیارەكە لەلایەن چالاكوانانەوە ڕوبەڕووی ڕەخنە بوەوە و دەڵێن، كازمی بووەتە نێچیری هەڵمەتەكانی “تۆقاندن” كە لەلایەن میلیشیاكانەوە بە قۆرغكردنی وتەكانی داود دەستیانپێكردوەتەوە، ئەمەش “سوكایەتییە بە دەوڵەت” وەك ئەوان دەیڵێن.

داود لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی، “سولەیمانی ڕەنگە وای هەستكردبێت كە بەرپرسە لە عێراق” و ئەم هەستكردنەش “پێشینە بووە لەلای نەك ڕێوشوێنەكانی دەوڵەتی عێراق” ئەوەشی وت، “حكومەتی ئێستا وایكرد جەنەڕاڵ قائانی، جێگرەوەی سولەیمانی بە ڕێگا فەرمییەكان بێتە عێراقەوە لەڕێی بەدەستهێنانی ڤیزا”.

لە بەرامبەردا میدیاكانی پشتیوان لە گروپە چەكدارەكان وەك سابڕین نیوز، هەڕەشەی گروپە چەكدارییەكانیان گواستەوە و تیایدا ئاگاداركردنەوەیەك بۆ ئەندامانیان هاتووە كە “ئازادن لە هەڵسوكەوتدا” لەگەڵ داود، هەڕەشەی هەمان چارەنوسیشی لێدەكەن كە بووە “چارەنوسی كەناڵی دیجلە” كە بەر لە زیاتر لە مانگێك لەلایەن چەكدارانی سەر بە گروپەكانەوە سوتێنرا، لەكاتێكدا زۆرێك لە چالاكوانانی عێراقی بەرگری لە داود دەكەن و دوپاتیدەكەنەوە كە ڕاستییەكانی وتووە.

پرسەكە تەنها لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نەماوەتەوە، بەڵكو گەیشتووەتە ئاستی فەرمی و بەشێك لە پەرلەمانتارانی شیعە لە فراكسیۆنەكانی وەك فەتح و عێراقییون داوای دەست لەكارپێكێشانەوەی داود و ئاراستەكردنی بۆ دادگا دەكەن.


یوسف كلابی، پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی عێراقییون لە وتەیەكیدا دەڵێت، “ئەوەی هیشام داود وتویەتی بەوەی عێراق داگیركراوە و، هەر كەسێك دەتوانێت بڕوات و لێی دەربچێت قسەیەكی دوور لە لۆژیكە”.

بانگەشەی ئەوەشی كرد كە “نوسینگەی سەرۆكوەزیران و ڕاوێژكارانی سەرۆكوەزیران لە سەرۆكایەتی ئەو شاندانەدا بوون كە پێشوازییان لە سولەیمانی كردووە كاتێك هاتووەتە ناو عێراق و ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆكوەزیران دەیانگواستەوە”.

كلابی ڕونیشیكردەوە، “شەرمەزاركردنی حكومەت بەم جۆرە لێدوانانە و بەر لەوەش لێدوانەكانی كە تیایدا ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگدان لەسەر بنەمای حزبی تۆمەتباردەكات” ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنی كەسییە و ناڕاستە لەكاتێكدا بەناوی حكومەتەوە دەدوێت.

كێشەی پەرلەمانتارەكانی نزیك لە ئێران لەگەڵ داود دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە لێدوانەكانی كۆتایی ئەو ڕاوێژكارە، بەدیاریكراویش بۆ ئەو لێدوانانەی كە تیایدا بڕیاری پەرلەمانی عێراق تایبەت بە دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵات بە بڕیارێكی توێژێكی دیاریكراو و حزبی ناوبرد.

ئەوكاتیش بەشێك لە پەرلەمانتاران داوایانكرد لێكۆڵینەوە لە داود بكرێت و ڕەوانەی دادگا بكرێت بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە دامەزراوەكانی دەوڵەت، بەهۆی ئەوەی وەك ئەوان دەیانوت لێدوانەكەی لێدانە لە بنەمای “زۆرینەی دیموكراتی” كە سیستمی عێراقی لەسەر دامەزراوە، جگە لەوەی پەرلەمانی عێراق بە تایفییەت تۆمەتبار دەكات.

سایتی (ئەلحوڕە) لەسەر زاری عودەی عەواد، پەرلەمانتاری فەتح، كە بەر لە مانگێك داویكرد دەست لەكارپێكێشانەوە بە داود بكرێت لە پاش لێدوانەكانی دەربارەی پەرلەمان، وتی، بڕیاری سڕكردنی هیشام داود و ئاراستەكردنی بۆ لێكۆڵینەوە “دواكەوتووە”.

لە بەرامبەردا سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراق بە سایتەكەی وتووە، لێدوانەكانی داود بۆ كەناڵێكی تەلەفزیۆنی لە چوارچێوەی فیلمێكی بەڵگەنامەییدایە لەسەر سولەیمانی كە جارێكی دیكە لە ساڵڕۆژی كوژرانیدا دووبارە بڵاوكراوەتەوە.

سەرچاوەكە وتیشی، “ئەو وتانەی كە تیایدا ئاماژە بەوەدەكات سولەیمانی هاتوەتە عێراق و لێی دەرچووە هەر كاتێك ویستبێتی و بەبێ ڕەزامەندی پێشوەخت، لێدوانێكی دروستە، بەڵام نیگەرانی لەنێو حكومەتدا دروستكردووە”.

بەپێی سەرچاوەكە، كە ناوی ئاشكرانەكراوە، “سەرۆكوەزیران بارگرژی زیاتری لەم دۆسیەیەدا ناوێت، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی دۆخەكە لەئێستادا بەتەواوی دژوارە”.

بابەتی پێشتر

پەیمانگای واشنتن: دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە بەرژەوەندی ئێراندا نییە

بابەتی دواتر

كێشەی موچەی شەش مانگی خۆبەخشانی نەخۆشخانەی هیوا چارەسەركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share