پەیمانگای واشنتن: دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە بەرژەوەندی ئێراندا نییە

هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق

توێژەرێكی پەیمانگای واشنتن دەڵێت، دەنگدانەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا شەرعی نەبوو، دەشڵێت، دەرچوونی ئەو هێزانە لە عێراقدا لە بەرژەوەندی ئیراندا نییە.

دەیڤید پۆلۆك، توێژەری پەیمانگاكە لەمیانەی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی، زۆرینەی عێراقییەكان، بەپێی ڕاپرسییەكان، هەروەها زۆرینەی سیاسیەكانی عێراق حەز بە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵات دەكەن.

ئەوەشی وت، “دەنگدانەكەی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر دەركردنی هێزە بیانییەكان یاسایی نەبوو، چونكە لەنێو پەرلەماندا تەنها نیوەی ئەندامان ئامادەبوون”.

پۆلۆك وەك ئاماژەیەك بۆ گۆڕانی قۆناغەكە لە عێراق ئەوەی خستەڕوو، ئێستا ئێمە لەبەردەم حكومەتێكی نوێ و سەرۆكوەزیرانێكی نوێی عێراقداین. ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ بەڵگەیەك نییە ئاماژەبێت بۆ ویستی جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، “باوەڕم وایە دەیەوێت هێزەكان لە ناوچەكەدا بمێننەوە بۆ بەرگری و هاریكاریی هاوپەیمان و دۆستانی ویلایەتە یەكگرتووەكان”.

ئەو توێژەرە وتیشی، لە قۆناغی داهاتوودا ئەگەرێكی باش لەنێوان ئێران و ئەمریكادا هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا داخوازی تاران بە دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، لە بەرژەوەندی ئەو و بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتووەكانیشدا نییە، چونكە شەڕ لەگەڵ داعش تائێستا بەردەوامە و هاریكاری هێزەكانی ئەمریكاش بۆ هێزە عێراقییەكان تائێستا درێژەی هەیە.

سەرەتای ساڵی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارێكی پەسەندكرد كە تیایدا حكومەتی بەغداد ناچاردەكات بە كۆتایی هێنان بە بوونی هەر هێزێكی بیانی لەسەر خاكی وڵات، ئەمەش لەمیانەی دانیشتنێكی نائاسایی بە ئامادەبوونی عادل عەبدولمەهدی، سەركوەزیرانی كاربەڕێخەری ئەوكات.

بڕیارەكە بە چەند ڕۆژێك هات پاش بۆردومانەكەی هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا بۆ سەر ناوچەیەكی نزیك لە فڕۆكەخانەی بەغداد كە بەهۆیەوە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەك لە یاوەرانیان كوژران.

بابەتی پێشتر

نەرویج گەورەترین بەكارهێنەری ئۆتۆمبێلی كارەبایی بووە لە 2020دا

بابەتی دواتر

لێدوانی ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیران عێراقییەكان دەكات بە دوو بەشەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share