وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، چەند لیژنەیەک پێکهێندراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەی نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن و لە کاتی گەڕانەوەیان خزمەتیان دەکەن.
لەو بارەیەوە عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، “هەماهەنگیمان لەگەڵ دامەزراوە تەندروستی، پەروەردەیی و خزمەتگوزارییەکانی دیکەدا کردووە بۆ پێشکەشکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێم پێویستن”.
ئەوەش لە چوارچێوەی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا دێت کە بڕیاردرا لەمساڵدا تەواوی ئەو کەمپانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و هاوڵاتییانی عێراقی تێدا نیشتەجێن دابخرێن و ئەو خێزانانەی لە ساڵی 2014 ئاوارەی ئەو کەمپانەبوون بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان، هەروەها بڕیاریشدرا کە هەر خێزانێک بگەڕێتەوە بڕی چوار ملیۆن دیناری پێدەدرێت.