ژووری بازرگانی: بڕیاری دەستگیرکردنی تۆمەتباران بەرزدەنرخێنین

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڕیاری ئەمڕۆی دادگا بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی هێرشكردنەسەر بازرگانێك بەرزدەنرخێنێت و سوپاسی لایەنی پەیوەندیداریش دەكات کە “بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە داکۆکییان لەم دۆسیە ھەستیارە کرد”.

دەقی راگەیەندراوەكە:

وەک ھەموولایەک ئاگادارن لە ماوەکانی رابردوودا بازرگانێکی شاری سلێمانی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بەشێوەیەکی نایاسایی و دوور لە ھەموو بەھایەکی کۆمەڵایەتی دەستدرێژی کرایەسەر و بە سەختی بریندارکرا.

ئێمە وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی وێرای ئیدانەکردنی ئەم دەستدرێژییەی کراوەتەسەر یەکێک لە بازرگانەکانی شاری سلێمانی، لەھەمان کاتدا بە ئەرکی خۆمان دەزانین بەرگری لەھەموو مافەکانی (بازرگانان ـ پیشەوەران ـ وەبەرھێنەران) بکەین بەبێ جیاوازی.

لێرەدا وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بڕیاری ئەمڕۆی دادگا کە فەرمانی دەستگیرکردنی (تۆمەتباران)ی دەرکردووە بەرزدەنرخێنین و سوپاسی ھەموو لایەنی پەیوەندیدار دەکەین کە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە داکۆکییان لەم دۆسیە ھەستیارە کرد بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا.

دەستخۆشى لە بەرێزان سەرۆکی يەكێتیی نيشتيمانیى كوردستان بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حكومەتى هەرێمی كوردستان بەڕێز قوباد جەلال تاڵەبانى دەكەين بۆ پاڵپشتیكردنيان بۆ باڵادەستبوون و سەروەریى ياسا، سەلمانديان كە شارى سلێمانى ژينگەيەكى هێمن و لەباره بۆ سەرجەم وەبەرهێنەران و سەرمايەدار و بازرگان و كاسبكارێك کە سەروەت و سامانيان هەميشە پارێزراوه .

ژوورى بازرگانى و پيشەسازیى سلێمانى
2024/2/12

بابەتی پێشتر

وەزیری دەرەوەی وڵاتێك دەكەوێتە بەر پەلاماری سەگ و برینداردەبێت

بابەتی دواتر

عێراق هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای هەرێم دادەمەزرێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share