دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەسەر بڕیاری دەستگیرکردنی دێرین ئەحمەد محەمەد بڵاوکردەوە و دەڵێت، “کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بەپێی مادەی 405 -31ـ ی یاسای سزادانی عێراقیی، کێشەکەشی لەسەر داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەبووە لەسەرمایەدارێکی سلێمانی.”
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش ئەوەی کاتژمێر 12:10 خولەکی شەوی 29 لەسەر 30ـ ی 1ـی 2024، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم (یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی) تەقە لە هاوڵاتی “ئەحمەد کامیل فەقێ” سەرمایەدار کرا و بەهۆیەوە بریندارکرا، دوای رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردی هێزە ئەمنییەکان دەستپێکرد، سەرئەنجام لە رۆژی 30ـ ی 1ـ ی 2024، بەپێی مادەی 405 – 31ـ ی یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتباری سەرەکی و تەقەکەر “ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی” دەستگیرکرا.
باس لەوەشکراوە، دوای لێکۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناو و دەرکەوت تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی (ئومێد کەمال) هاوکاری کردووە کە هاوپیشەیەتی و هەردووکیان پێشمەرگەن لەلای (دێرین ئەحمەد محەمەد) ناسراو بە (کوێخا دێرین)، بە بڕیاری ناوبراو تاوانەکەیان کردووە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، “پاشان رۆژی 5ـ ی 2ـ ی 2024، تۆمەتبار ئومێد کەمال کە هاوکاری کردووە دەستگیرکرا و ئێستا، کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بە پێی مادەی 405 – 31ـ ی لە یاسای سزادانی عێراقی کێشەکەشی لەسەر داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشە بووە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی .
جەخت لەوەشکراوەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا دادوەر بڕیاریدا دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار، “دێرین ئەحمەد” و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی بە زیادەڕۆیی کرابوونە سەر موڵکی گشتی.”