وەزارەتی بازرگانیی هەرێم لەبارەی پارەی بەشەخۆراکەوە روونکردنەوە دەدات

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم لەبارەی پارەی بەشەخۆراکەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەلایەن پەرلەمانتارێك و چەند پەیج و ئەکاونتێک هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە بۆ بە لاڕێدا بردنی رای گشتی كە گوایە پارەی سەبەتەی خۆراك دەخورێت.

ئاماژە بەوەش دەکات، بۆیە بەپێویستی دەزانین ئەم روونكردنەوەیە بڵاو بكەیەنەوە:

یەكەم : بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەرێکەوتی23ی ئۆکتۆبەری 2022 رێككەوتنێك لەنێوان وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆكرا كە لەو رێكکەوتە بە دواوە تەواوی داهاتی کۆمپانیای گشتی بازرگانیی خۆراک و کۆمپانیای گشتیی دروستکراوی دانەوێڵە داهاتی سەبەتەی خۆراك درایەوە بە وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدراڵ.

لە بەرامبەردا وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ تەواوی خەرجی گواستنەوە و باركردن و داگرتنی خۆراك و ئارد تا دەگاتە بریكارەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خەرجی نۆژەنكردنەوە و پاداشتی فەرمانبەران و دابینكردنی پێداویستی فەرمانگەكانمان بگرێتە ئەستۆ هاوشێوەی فەرمانگە و فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانیی حكومەتی فیدراڵ لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق .

دووەم: مانگانە سێ ملیار و سێ ملیۆن و 48 هەزار دینار وەك داهاتی سەبەتەی خۆراك دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانیی حكومەتی فیدراڵ، وەزارەتی ناوبرایش بەم شێوەیە بە پێی رێنماییەكانیان خەرجی دەكاتەوە :

  • بڕی یەك ملیار و 350 ملیۆن دینار بۆ گواستنەوە و داگرتن و باركردنی خۆراك لە كۆگاكانمان بۆ بریكارەكان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.
  • بڕی یەك ملیار دینار بۆ گواستنەوە و داگرتن و باركردنی ئارد بۆ بریكارەكانمان لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.
  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتیی بازرگانیی كەلوپەلی خۆراك لە هەرێمی كوردستان كە 371 فەرمانبەرن بڕی 280 ملیۆن دینار وەردەگرن.
  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی ڕێكخستنی پسولەی خۆراك لە هەرێمی كوردستان كە 241فەرمانبەرن بڕی 60 ملیۆن و دوو 150 هەزار دینار وەردەگرن.
  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵە)سایلۆكان( كە 356 فەرمانبەرن بڕی 99 ملیۆن و 680 هەزار دینار وەردەگرن.
  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتیی دروستكراوی دانەوێڵە) ئاشەكان( كە 196فەرمانبەرن لە هەرێمی كوردستان بڕی 29 ملیۆن و 400 هەزار دینار وەردەگرن.
  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان كە 310 فەرمانبەرن بڕی 77 ملیۆن و 500 هەزار دینار وەردەگرن.
  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بازرگانی كە 85 فەرمانبەرن بڕی 23ملیۆن و 575 هەزار دینار وەردەگرن.
  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پلاندانان و بەدواداچون كە 85 فەرمانبەرن بڕی 12ملیۆن و 62 هەزار دینار وەردەگرن.
  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دیوان كە 165 فەرمانبەرن بڕی 32 ملیۆن و 220 و پێنج هەزار دینار وەردەگرن.
  • پاداشتی نوسینگەی وەزیر و بریكارەكان و راوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و یاریدەدەری بەڕێوەبەرە گشتییەكان بڕی 15 و 800 هەزار دینار وەردەگرن.
  • تەواوی خەرجكردنی پاداشتەكان لەگەڵ دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكدایە لە تەواوی عێراقدا كە تا ئێستا 10 سەبەتە دابەش كراوە و لە هەرێمی كوردستان تەنها هەشت بەش دابەشكراوە.

سێیەم: لەبەر گرنگی و هەستیاری بابەتەكە بە ژیانی هاوڵاتیانەوە و بۆ دەرخستنی راستییەكان لیژنەیەكی بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنراوە.

چوارەم: بە مافی خۆمانی دەزانین داوای یاسایی لەسەر تەواوی ئەو كەس و لایەن و رۆژنامەنوس و پەیجانە تۆمار بكەین كە بەمەبەست رای گشتییان بە لاڕێدا برد و تۆمەت و هەواڵی بێ بنەمایان لە سەر وەزارەتمان دروستكرد.

بابەتی پێشتر
ئێستا

وەزارەتی دارایی: وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغداد

بابەتی دواتر

هاتوچۆی ئاکرێ شۆفێران ئاگاداردەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share