قائیمقامیەتی سلێمانی لە بارەی نرخی غازەوە دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان

قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، “لیژنە هاوبەشەکان چاودێری دابەشکردن و نرخی غازی ماڵان دەکەن و نرخی غاز زیادینەکردووە و بەشی پێداویستی هاوڵاتییان لەبەردەستدایە”.

لە راگەیەندراوێکدا قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، “بەرەبەیانی هەموو رۆژێک لیژنەی غاز سەردانی کارگەکان دەکات و چاودێری بڕی ئەو غازە دەکات کە هاوردەی سلێمانی دەکرێت و بەشێوەی بتڵ دەفرۆشرێت بە هاوڵاتییان”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، “تیمێکی گەورەی تایبەتمەندمان هەیە و رۆژانە چاودێری کارەکانی تایبەت بە غازی ماڵان دەکەن، بەتایبەت کارگەکانی غاز کە ژمارەیان لە سلێمانی 22 کارگەیە و رۆژانە لەرێگەی بریکارەکانەوە زیاتر لە 15 هەزار بتڵ بە شوێنە گشتییەکان و هاوڵاتییان دەفرۆشرێت”.

دەشڵێت، “نرخی هەر بتڵێک غازی ماڵان 8 هەزار و 500 دینارە و هەر هاوڵاتییەک لەو بڕە زیاتری لێوەرگیرا دەتوانێت سکاڵا بکات و رێکاری یاسایی لەگەڵ بریکارەکە دەگرینەبەر، هەروەها کێشی هەر بتڵێک بە پڕی 28 کیلۆگرامە و بتڵی هەر بریکارێکی غاز لەو کێشە کەمتر بێت نایاساییە”.

لەبارەی بڕی پێویستی غاز لە بازاڕدا، قائیمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، “لەم وەرزەدا خواست لەسەر غاز زیاددەکات و پێشتریش خۆمان بۆ ئامادە کردووە، بەوەش لە وەرزی هاویندا لەژێر چاودێری لیژنەکەدا کارگەکانی غاز بڕێکی زۆر غازیان عەمبار کردووە و لەم وەرزەدا بە هەمان نرخی خۆی دەیفرۆشنەوە، هەربۆیە کێشەی کەمی غازمان نییە و رێگە نادەین هیچ کەسێکیش بە گران بیفرۆشێت”.

بابەتی پێشتر

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە

بابەتی دواتر

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا سەردانی عێراق دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share