وەزیری دەرەوەی كوەیت، سەرەتای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی سعودیە و قەتەڕ-ی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە 4ی كانونی دووەم، ئەحمەد سوباح، وەزیری دەرەوەی کوەیت ڕایگەیاند، “قەتەڕ و سعودیە ڕێککەوتن لە ئەمشەوەوە سنوورە ئاسمانی، دەریایی و وشکانییەکانیان بە ڕووی یەکتریدا بکەنەوە و گەشتەكانیان دەستپێبكاتەوە.”
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، وەزیری دەرەوەی کوەیت وتی، “شێخ نەواف سوباح، میری كوەیت لەڕێگەی تەلەفۆنەوە بە جیا قسەی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەڕ و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە-دا كردووە بە مەبەستی ئامادەکردنی ڕاگەیاندراوی كۆبوونەوەی لوتکەی ئەنجومەنی هاریكاریی کەنداو، کە بڕیارە سبەی سێشەممە بەڕێوەبچێت.”
ڕاشیگەیاند، “لە پەیوەندییەكەدا هەمووان هاوڕابوون لەسەر گرنگیی یەكخستنەوەی ڕیزەكان و یەكگرتوویی و هاودەنگی.”
وەزیری دەرەوەی کوەیت، پێشهاتێكی نوێی لە پەیوەندییەكانی قەتەڕ و سعودیە-دا ئاشكراكرد و وتی، “كاربەدەستانی قەتەڕ و سعودیە لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە گفتوگۆ لەسەر هەموو ناکۆکییەکانیان بکەن و لە ئەمشەوەوە سنوورە ئاسمانی، دەریایی و وشکانییەکانیان بە ڕووی یەکتریدا دەکەنەوە.”
ماوەی سێ ساڵە بەهۆی سەپاندنی گەمارۆ لەلایەن سعودیە-وە بەسەر قەتەڕ-دا، پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە پچڕاون و شەڕێكی سەختی میدیایی لەنێوان هەردوو وڵاتە عەرەبییەكەدا هەیە.