توێژینەوەیەک: تێکچوونەکانی خەو پەیوەندییان بە سەرئێشەی توندەوە هەیە

توێژینەوەیەک کە لەلایەن توێژەرانی پەیمانگای نیشتمانیی تەندروستی دەروونی ئەمریکاوە ئەنجامدراوە، دەریخستووە، کەمخەوتن یاخود ناڕێکی لە کاتەکانی خەودا، پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە سەرئێشەی توندەوە هەیە لە رۆژی دواتردا.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری دەمارناسی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، بەدوای ڕێگایەکدا گەڕاوە بۆ ئەوەی بە وردی پێشبینی کاتی روودانی سەرئێشەی توند یاخود شەقیقە بکات، لە رێگەی بەدواداچوونی خەو و ئاستی وزە و هەست و فشاری دەروونی مرۆڤەکان، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای رێگریکردن لە سەرئێشە.

کاثلین ئاڕ مێریکانگاس، توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە، لە پەیمانگای نیشتمانی تەندروستی دەروونی ئەمریکا دەڵێت، “بۆ ماوەی دوو هەفتە هەڵسەنگاندن بۆ باری دەروونی و ئاستی وزە و فشار و سەرئێشەی ئەو کەسانە کراوە کە لە توێژینەوەکە بەشدارییان کردووە، ئەنجامەکان دەریانخستووە کە نزیکەی نیوەی بەشداربووان پێشینەی شەقیقەیان هەبووە، زیاتر لە نیوەشیان لانیکەم یەک جار سەرئێشەی بەیانیانیان هەبووە لە ماوەی توێژینەوەکەدا”.

باسی لەوەشکردووە، ئەو کەسانەی کوالیتی خەویان خراپە، بە تێکڕا ئەگەری سەرئێشەیان بۆ رۆژی دواتر، بە رێژەی 22٪ زیاتر بووە، دابەزینی کوالیتی ئاسایی خەو پەیوەندی بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە سەرئێشەی بەیانیەکەی دیکەوە هەبووە بە رێژەی 18٪، بەهەمان شێوە، دابەزینی ئاستی ئاسایی وزەش بە رێژەی 16٪ پەیوەندیدار بووە بە هەمان بابەتەوە.

 

 

بابەتی پێشتر

بەغداد: لەگەڵ واشنتن کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان دەکەین

بابەتی دواتر

سوێندخواردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک جیاوازدەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share