داگیركردنی عێراق یان یارمەتیدانی؟ چین ملیاران دۆلار دەدات بە بەغداد

قەرز بەرانبەر بە نەوت، ئەمە ئەو بەردەیە كە چین دەیەوێت دوو چۆلەكەی پێبپێكێت: یارمەتیدانی عێراق و بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە یەك كاتدا.

بە گوێرەی ئاژانسی “بولمبێرگ”، كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ” و كۆمپانیای چینخوا ئۆیڵ-ی چینی، ڕێككەوتنێكی ئابوریی جیاوازیان كردووە، ئەویش بریتییە لە پێدانی پارەی پێشوەختە بە عێراق، لە بەرانبەر نەوتدا.

هەوڵەكەی حكومەتی عێراق، بۆ ئەوەیە بەرانبەر بە فرۆشتنی نەوت بە چین، ملیاران دۆلار پێشوەختە لەو وڵاتە وەربگرێت، ئەوەش یارمەتی دەدات لە كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی و دابینكردنی موچە بۆ موچەخۆرانی.

وەك ئاژانسەكە ئاشكرایكردووە، سەرەتا عێراق دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار پارەی نەوت بە پێشەكی و بە كاش وەردەگرێت، لە بەرانبەردا 48 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ماوەی ساڵێكدا بە چین دەفرۆشێت و ماوەكەش لە تەموزی ساڵەوە دەستپێدەكات تا حوزەیرانی 2022 درێژەی دەبێت، دواتر بە شێوازێكی تر درێژەی پێدەدرێت.

بە گوێرەی زانیارییەكان، عێراق هەوڵدەدات ئەو پلانە بۆ ماوەی پێنج ساڵ درێژەپێبدات و جگە لە چین، لەگەڵ وڵات و كۆمپانیای تریشدا ڕێكبكەوێت بۆ ئەوەی پارەی نەوت بە پێشەكی وەربگرێت و دواتر نەوت هەناردە بكات، بەڵام بەپێی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ چین تەنها لە ساڵی یەكەمدا پارەی نەوت بە پێشەكی و لە شێوەی قەرزدا وەردەگرێت.

شارەزایانی ئابوری و چاودێرانی سیاسی، هەنگاوەكەی چین بە هەوڵێك بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت داگیركردنێكی نەرم و لەسەرخۆی عێراق ئەژماردەكەن، بەو پێیەی چین دەیەوێت لەڕێگەی ڕێككەوتنی ڕیزپەڕ و جیاواز و كەمەندكێشەوە، جێپێی خۆی زیاتر لە ناوچەكەدا قایم بكات و بەرژەوەندیی زیاتر بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەش، ئەو پارە كاشەی هەیەتی یارمەتیدەرە و بەشی جێبەجێكردنی پلانەكەی دەكات.

پلانە ئابورییە نوێیەكەی عێراق، لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوت “سۆمۆ”وە داڕێژراوە و كۆمپانیاكە پێشنیارەكەی ناردووە بۆ كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوت لە جیهاندا، پێی ڕاگەیاندوون هەر كۆمپانیایەك بڕی 2.5 ملیار دۆلار بدات بە عێراق، ئەوا مانگانە و بۆ ماوەی ساڵێك عێراق چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدەدات. هەر خێرا چین بەدەم پێشنیارەكەوە هاتووە و بە مەرجەكانی عێراق قایل بووە.

بەپێی ڕاگەیەنراوە گومرگییەکانی چین، عێراق پلەی سێیەمی گرتووە لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی كە لە مانگەكانی كۆتایی ساڵی ڕابردوودا، نەوتیان بۆ چین هەناردە کردووە.

ڕاگەیەنراوە گومرگییەکانی چین دەریانخستووە، “بڕی ئەو نەوتەی تەنها لە مانگی تشرینی دووەمی 2020دا چین لە عێراقەوە هاوردەی کردووە، 5.098 ملیۆن تۆن بووە، کە خۆی دەدات لە 1.24 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.”

ئاماژە بەوەشکراوە، “کۆی نەوتی هاوردەکراوی عێراق لەلایەن چینەوە لە ساڵی ڕابردوودا، نزیكەی 62 ملیۆن تۆن بووە.”

ئەمریكا ناڕازییە

لە بەرانبەر ئەو هەنگاوەی چین-دا، ئەمریكا ناڕەزایی دەردەبڕێت و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت، “ئەوەی چین دەیكات، كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر سەروەریی عێراق و وای لێدەكات بڕیارەكانی بە تەواوەتی لە دەستی خۆیدا نەبن.”

ئەوەش یەكەمجار نییە ئەمریكا بە هەوڵە فراوانخوازییەكانی چین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا قەڵس ببێت، چونكە پێشتر و لەكاتی ڕێككەوتنی چین بۆ كڕینی نەوتی زیاتر لە ئێران و فراوانكردنی پەیوەندییە ئابورییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، ئیدارەی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتری بەسەر ئێران-دا كرد.

بابەتی پێشتر

ڕیزبەندی پێڵاوی ئاڵتونی ئەوروپا.. لیڤاندۆڤیسکی یەکەمە و مێسی لە ململانێکاندا نییە

بابەتی دواتر

توركیا كچە كوردێكی دەستگیركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share