ئەمڕۆ گەورەترین کەشتیی گەشتیاری یەکەم گەشتی خۆی دەستپێکرد و لە بەندەری میامی لە ویلایەتی فلۆریدا بەڕێکەوت.
کەشتیی “ئایکۆنی دەریاکان”، کە سەر بە کۆمپانیای رۆیاڵ کاریبییانی ئینتەرناشناڵە و درێژییەکەی 365 مەترە، یەکەم گەشتی لە باشووری فلۆریداوە دەستپێکرد و ماوەی حەوت رۆژ دەخایەنێت.
لیۆنێل میسی، ئەفسانەی تۆپی پێ و هاوڕێکانی لە یانەی ئینتەر میامی، رۆژی سێشەممەی رابردوو لەنێو کەشتییەکەدا بوون و بەبۆنەی نزیکبوونەوەی دەستپێکی یەکەم گەشتی کەشتییەکەوە ئاهەنگیان دەگێڕا.
جەیسۆن لیبرتی، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی رۆیال کاریبییان، رایگەیاند، کەشتییەکە بەرهەمی زیاتر لە 50 ساڵ شەونخونی و کاری بەردەوامە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە باشترینەکان پێشکەشی جیهان بکەین.
دەشڵێت، کەشتییەکە دۆخ و شێوازی گەشتکردن دەگۆڕێت و خەونی هەموو تەمەنەکان بۆ گەشتکردن بەدیدەهێنێت.
بۆ یەکەمجار لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2022 پەردە لەسەر کەشتییەکە لادرا، توانای هەڵگرتنی حەوت هەزار و 600 سەرنشینی هەیە، جگە لە دوو هەزار و 350 کارمەند.
کەشتییەکە لە 20 نهۆم پێکهاتووە و 40 چێشتخانەی تێدایە لەگەڵ شەش خلیسکێنەی ئاوی و حەوت گەرماو و مەلەوانگەی گەشتیاریی و سەکۆی شانۆ.